پارێزگاری نەینەوا: هەولێر و دهۆک بە خێرایی پێشدەکەون و ئێمەش وەکو کیسەڵ

06-10-2023
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
پێشانگەی وەبەرهێنان و خانووبەرە لە موسڵ. وێنە: رووداو
پێشانگەی وەبەرهێنان و خانووبەرە لە موسڵ. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - موسڵ

دوای نزیکەی حەوت ساڵ لە نەمانی داعش، یەکەمین پێشانگای نەینەوا بۆ وەبەرھێنان بیناسازی و خانووبەرە لە موسڵ بەڕێوەدەچێت، زۆر بەی بەشداربوونی کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستانن، دەیانەوێت ئەزموون و پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی دیکەی عێراق بگوازنەوە.
 
کۆمپانیای ئیسکی گرووپ یەکێکە لە کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان لە پێشانگاکە و بینا و باڵەخانەکانی سەرنجی ئامادەبووانی راکێشاوە، ئەوان دڵنیایی و گەرەنتی بە کڕیارانی دەدەن لە کوالێتی و تۆکمەیی کارەکانیان.
 
ھێمن ھەنی، بەڕێوەبەری فرۆشتنی کۆمپانیای ئیسکی گرووپ دەڵێت، "ئێمە لە فلۆریا ستی و شاری دایک نرخمان گونجاوە و کوالێتییەکانمان زۆر بەرزە بۆ خەڵکێکی زۆر ھەم لە ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر و سلێمانی و، ھەمیش لە موسڵ سەیری مودێلەکە دەکەن و سەرنجی راکێشاون لە نرخ و پێشەکی و کوالێتی و خزمەتگوزاری."
 
نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا ئامادەی پێشانگاکەیە و دەڵێت، موسڵ پێویستی بە زیاتر لە 300 ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونە، ئاماژەی بە خێرایی پێشکەوتنی ھەولێر و دھۆکیش دا و گوتی، "ئێمە حەسوودی نابەین، بەڵام دەبینین کە ھەولێر و دھۆک کە نزیکن لە موسڵ، دەبینین زۆر بە خێرایی ئاوەدانکردنەوە دەکرێت، بەڵام ئێمە ھێشتا وەکو کیسەڵ رێ دەکەین."
 
لە کۆی 50 كۆمپانیای بەشداربوو، 35یان لە ھەرێمی کوردستانەوە چوونەتە پێشانگاکەی موسڵ. ھۆرە سامان، یەکێک لە رێکخەرانی پێشانگاکە گوتی، "ئەمساڵ لە شاری موسڵ بۆ جاری یەکەمە ئەم پێشانگایە دەکرێتەوە بە بەشداریکردنی 50 کۆمپانیای نێوخۆ و بیانی لە پێنچ وڵاتەوە، سێ بەشی کۆمپانیاکان لە ھەرێمی کوردستانەوە ھاتوون."
 
دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ لە ساڵی 2017، وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، موسڵ بە رێژەی 90%‎ دیوی راست و 70%ش لە دیوی چەپ بووەتە وێرانە. دوای نزیکەی حەوت ساڵ پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، ئێستا دیوی چەپی ئەو شارە بە تەواوەتی ئاوەدان کراوەتەوە و دیوی راستیش بە رێژەی 50%‎.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە