یونیتاد: داعش پسپۆران و زانکۆى موسڵى بۆ دروستکردنى چەکى کیمیایی بەکارھێناوە

05-04-2022
هەستیار قادر
نیشانەکردن داعش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکى گرووپى یونیتاد رایگەیاند؛ بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکانیان رێکخراوى داعش ئەو کاتەی شاری موسڵی بەدستەوە بووە، گازى خەردەلى لە شارى موسڵ بەکارهێناوە، بۆ ئەوەش پشتى بە پسپۆرانى ئەو بوارە و تاقیگەکانى زانکۆى موسڵ بەستووە.
 
کریستیان ریچیر، سەرۆکى گرووپى یونیتاد بە رۆژنامەى سەباحى نیمچەفەرمیی عێراقى گوتووە؛ لێکۆڵینەوەکان لەبارەى بەکارهێنانى چەکى کیمیایی لەلایەن داعشەوە لە موسڵ بەرەوپێشچوونى بەخۆیەوە بینیوە، دەرکەوتووە کە ئەو رێکخراوە گازى خەردەلى بەکارهێناوە، کە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى قەدەخەی کردووە.
 
لە ساڵى 2014 رێکخراوى داعش شارى موسڵى ناوەندى پارێزگاى نەینەواى کۆنتڕۆڵکرد و هەتاوەکو ساڵى 2017 ئەو شارەى بەدەستەوە بوو.
 
کریستیان ریچیر، ئاماژەى بەوەداوە کە داعش بەشێوەیەکى هەڕەمەکى چەکى کیمیایی بەکارنەهێناوە، بەڵکو پشتى بەستووە بە چەندین پسپۆر بۆ لێکۆڵینەوەو تاقیکردنەوەى ئەو جۆرە چەکە لەدژى هاووڵاتیان، بۆ ئەو کارە ئامێر و تاقیگەکانى زانکۆى موسڵى بەکارهێناوە.
 
تیمى لێکۆڵینەوە بۆ بەهێزکردنى لێپرسینەوە لە تاوانەکانى داعش، کە بە یونیتاد ناسراوە، لەساڵى 2017 لەلایەن رێکخراوى نەوەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێکهێنراوە، ئامانجى سەرەکى ئەو تیمە لێکۆڵینەوەیە لە تاوانەکانى داعش و چۆنێتى پارێزگاریکردن لە بەڵگەنامەکان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە