رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و داوا دەکات بودجە و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز کاری لەپێشینەی پەرلەمانی عێراق بێت. داواش لە سەرۆککۆماری عێراق دەکات، سزاکانی لەسێدارەدان کە لە دژی ئەو تاوانبارانەی تێوەگلاون لە خوێنڕشتنی عێراقییەکان پەسەندبکات.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە هاوپەیمانێتیی شیعەکانە لە پەرلەمانی عێراق و لایەنێکی سەرەکیی حکومەتە، رۆژی چوارشەممە 04-01-2023 لە بەغدا کۆبووەوە و راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 137ی خۆی بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و جیهان گرێدا و تێیدا دۆخی ئەمنی و رێگەکانی تۆکمەکردنی سەقامگیری و رێگەگرتن لە دەستدرێژییە تیرۆریستییەکانی تاوتوێکرد و سەرۆکوەزیرانی عێراق راپۆرتێکی لەبارەی ئەو رێوشوێنانەوە خستنە بەردەم ئامادەبووان کە لەوبارەیەوە دەگیرێنەبەر."
هەروەها هاتووە، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای لە سەرۆککۆمار کرد ئەو سزای لەسێدارەدانەی دژ بەو کەسانە دەرچوون کە خوێنێ عێراقییەکانیان رشتووە، پەسند بکات."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو رێکارانە نیشاندا کە حکومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و گەشەپێدان دەیگرێتەبەر، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە توێژە زۆر هەژارەکان و ناوچە بێبەشەکانەوە هەیە، وەکو لە راگەیێندراوەکەیدا هاتووە.
سەبارەت بە لەپێشترێتییەکانی وەرزی یاسادانانی نوێی پەرلەمانی عێراقیش، چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێی یاساکانی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن و نەوت و گاز و بودجەی گشتیی کرد و جەختیکردەوە لەسەر "گرنگیی یەکلاییکردنەوەی لیژنەکانی پەرلەمان بەزووترین کات بۆ ئەوەی رۆڵی چاودێری و یاسادانانی خۆیان بە تەواوەتی هەڵبستن."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لایەنێکی سەرەکیی پێکهێنەری حکومەتی عێراقە و جگە لە سەدرییەکان، زۆرینەی لایەنەکانی شیعەی تێدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ