پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2017 دەدات

04-12-2016
كارزان حەمید
فراكسیۆنەكان ناكۆكن لەسەر خاڵەكانی پرۆژەیاسای بودجە
فراكسیۆنەكان ناكۆكن لەسەر خاڵەكانی پرۆژەیاسای بودجە
نیشانەکردن پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو - بەغدا

پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2017 دەستیپێکرد.

پەیامنێری رووداو دەشڵێت، بەمەبەستی دابەشکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەسەر پەرلەمانتاران، سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ نیو کاژێر دوابخرێت.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، 218 پەرلەمانتار لە دانیشتنەکەدا بەشدارن، لەنێویشیاندا فراکسیۆنە کوردستانییەکان.

بڕیاربوو لە یەکەم بڕگەی دانیشتنەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی باڵای دادگای فیدراڵی بکرێت، بەڵام لەسەر داوای هاوپەیمانی نیشتمانی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەنگدانی لەسەر پڕۆژەیاساكە دواخست.

هاوكات لە سەرەتای دانیشتنەكەدا پەرلەمان دەنگی لەسەر گێڕانەوەی ئەو کارمەندانەی هێزە ئەمنییەکان دا، کە لەکارلادراون یان وازیان لە ئەرکەکانیان هێناوە.

بەگوتەی پەیامنێری رووداو ئەگەر لایەنەکان لە دانیشتنی ئەمڕۆ رێکنەکەون، ئەوا دەنگدان لەسەر بودجەی 2017 بۆ سبەی (دووشەممە 5-12-2016) دوادەخرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە پێش دانیشتنەكە سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان كۆبووەوە و، دوایین ده‌ستكاریی له‌نێو پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی ساڵی دارایی 2017ـیان ئەنجامدا.

له‌ راگه‌یێندراوێكدا، سه‌لیم جبووری، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگەیاندووە‌ "ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌نێو لیژنه‌ی دارایی به‌دیهاتووه‌، جۆرێک لێكگه‌یشتنی دروستكردووه‌، كه ‌خواست داواكارییه‌كانی هاووڵاتیان بێت له‌رووی بژێوی و خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌".

پرۆژەیاسای بودجەی 2017ی عێراق:

بودجەی ساڵی 2017 ی عێراق بە 79 ترلیۆن و 11 ملیار و 421 ملیۆن  دینار خەمڵێندراوە.

نرخی یەک بەرمیل نەوت لە پرۆژەیاسای بودجەی 2017 بە 42 دۆلار خەمڵێندراوە.

بەپێی پڕۆژەیاسای بودجەی 2017 عێراق رۆژانە 3 ملیۆن و 750 هەزار بەرمیل هەناردە دەکات، لەو رێژەیە 250 هەزار بەرمیل لە هەرێمی کوردستان و 300 هەزار بەرمیلیش لە نەوتی کەرکووک هەناردە دەکرێت.

لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق نرخی 100 دۆلار بە 118 هەزار و 200 دیناری چاپی عێراقی دیاریکراوە.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە