رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر هۆشدارى دەداتە حکومەتى عێراق بەوەى خۆى نەخاتە نێو پرسی چارەسەرى دوو دەوڵەت بۆ کێشەى نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ئەگەرنا یاساى بە تاوانناساندنى مامەڵەکردن لەگەڵ ئسرائیل دەیگرێتەوە.
ئەو هۆشدارییەى موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتى نیشتمانیى شیعە لە نووسینێکدا بوو لە تۆڕى ئێکس کە ئەمڕۆ یەکشەممە 3ى تشرینى دووەم بڵاویکردەوە.
موقتەدا سەدر ئاماژەى بەوەداوە کە ئەوان وەک شیعە هەڵوێستیان روونە لە بارەى ئەو پرسە کە "یەک دەوڵەتە و پایتەختەکەى قودسە".
دروستکردنى دوو دەوڵەت بۆ فەلەستین و ئیسرائیل، چارەسەرى کێشەى نێوان ئیسرائیل و فەلەستین لەسەر بنەماى بڕیارى 242ى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتییە کە لە 22ى تشرینى دووەمى 1967 دەریکردووە.
سەرۆکى رەوتى نیشتمانیى شیعە دەڵێت: "دەوڵەتى دیکە نییە تاوەکو هەڵبوەشێندرێتەوە یان دروست بکرێت، فەلەستین لە دەریاوە بۆ رووبارى عەرەبییە و زایۆنی هیچ نین جگە لە داگیرکار و تیرۆریست بە نیشتەجێکراوەکانیشەوە، دان بە رێککەوتنامەکانى بەریتانیا و رۆژئاوادا نانێین".
بە گوێرەى رێککەوتنى ئۆسلۆى ساڵى 1993 دەبوو دەوڵەتى فەلەستینى دروست بکرایە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو رێککەوتنە وەک خۆى جێبەجێ نەکراوە.
موقتەدا سەدر رایگەیاند: "ئەگەر حکومەت دەست لەو پرسە وەربدات؛ یاسای قەدەخەکردنى مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل دەیگرێتەوە" و هیواشى خواست عەرەبستانى سعودی پیشت لەوە بکات و دان بە زایۆنیزمدا نەنێت.
26ـى ئایاری 2022، پەرلەمانى عێراق یاسای قەدەخەى دروستکردنی پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل پەسند کرد کە لە لایەن رەوتى سەدرەوە پێشکێش کرابوو، سزاکەى دەگاتە بەندکردنى تاهەتایی یان تاوەکو لەسێدارەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ