کازمی: عێراق لە لێواری شەڕی ناوخۆ بوو

04-10-2022
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن کازمی
A+ A-
رووداو - هەولێر 

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق لە لێواری شەڕی ناوخۆ بوو، بەڵام بڕیاریدا لە ململانێکەدا بەشدار نەبێت. کازمی پێیوایە سەدر هەڵەی کرد کاتێک لە پەرلەمان کشایەوە، لایەنە سیاسییەکانیش باوەڕیان بە هێز و دەسەڵاتە نەک دیموکراسی.
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی 'لۆڤیگارۆ'ی فەرەنسی کە ئەمڕۆ سێشەممە 4-10-2022 بڵاوکرایەوە، زانیاری نوێی سەبارەت بە خۆپێشاندانی لایەنگرانی رەوتی سەدر و پێکدادانی چەکداری لەگەڵ بەشێکی حەشدی شەعبی لە ناوچەی سەوزی بەغدا خستەڕوو.
 
شەڕی ناوخۆ
 
کازمی رایگەیاند: "عێراق لە لێواری شەڕی ناوخۆ بوو، هەردوولا گرەویان لەسەر ئەوە بوو کە کابینەکەی من پشتیوانی بۆچوونی یەکێکیان دەکات، بڕیارمدا لە ململانێکەدا بەشدار نەبم، بۆیە هەموو شتێکم کرد بۆ رێگرتن لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ".
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت: "فەرمانم بە هێزە ئەمنییەکان کرد لە هەر دۆخێکدا بێت تەقە لە خۆپێشاندەران نەکەن، پێمگوتن ئێمە لە نێو کێڵگەی مینداین و بە دڵنیاییەوە دەبێ ئاگرەکە بکوژێنینەوە. ویستم دڵنیابم لەوەی دەستی هێزە ئەمنییەکان و سوپا بە خوێنی عێراقییەکان سوورنەبێت و سەرکەوتوو بووین".
 
کازمی لە وەڵامی تۆمەتبارکردنی بەوەی رێگەی دا خۆپێشاندەرانی لایەنگری سەدر بچنە نێو ناوچەی سەوز دەڵێت: "رێگەم نەدا خۆپێشاندەران بچنە نێو ناوچەی سەوز، بەڵام دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵدا نەما، بۆیە هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانی رێگە لە چوونەژوورەوەی خۆپێشاندەران بگرن".
 
دەستوور و هەڵبژاردن
 
مستەفا کازمی دەشڵێت: "ئەگەر بچوومایەتە نێو ئەو زۆنگاوە گرژییەکە زیاتر دەبوو. ئێستاش پێویستە دەستوور هەمواربکرێت بۆ بونیادنانەوەی عێراق، هەمووانیش رێککەوتوون لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت".
 
راگرتنی پێکدادانەکان
 
کازمی سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی پێکدادانی چەکداری لە نێوان لایەنگرانی سەدر و بەشێکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە بەغدا لە لایەن موقتەدا سەدرەوە دەڵێت: "بەهۆی گوشاری هەموو لایەنەکان بوو".
 
هەڵەی سەدر
 
کازمی کە لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەوە بە هاوپەیمانیی رەوتی سەدر ناودەبرێت، دەڵێت: "سەدر هەڵەی کرد کاتێک لە پەرلەمان کشایەوە، چونکە بەو کارە هەلی بەخشییە رکابەرەکانی بۆ ئەوەی شوێنی پڕبکەنەوە و لە پەرلەمان ببنە زۆرینە، بۆیە داوا لە سەدر دەکەم لە گفتوگۆکاندا بەشدار بێت، چونکە تاکە رێگەیە."
 
هێز لە بری دیموکراسی
 
کازمی پێیوایە لایەنە سیاسییەکان هێندەی باوەڕیان بە هێز و دەسەڵاتە، باوەڕیان بە بەهاکانی دیموکراسیی راستەقینە نییە. دەشڵێت: "دەستوور و یاساکان و وادە دەستوورییەکان زۆر روونن، بەڵام بەداخەوە پابەند نەبوون پێیان."
 
لە کۆتایی مانگی رابردوودا دوای دوو رۆژ شەڕ و پێکدادانی چەکداری لە نێوان لایەنگرانی رەوتی سەدر و بەشێکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی سەوز لە بەغدا، لایەنگرانی رەوتی سەدر بە فەرمانی راستەوخۆی رێبەری رەوتەکە کۆتاییان بە شەڕ و مانگرتن و خۆپێشاندان هێنا.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق 20 کەس کوژران و 380 کەسی دیکەش برینداربوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی دوای تەقینەوەکە.

لە بێجی تەقینەوەیەک روویدا و چوار ئەندامی بنەماڵەیەک گیانیان لەدەست دا

ئێوارەی ئەمڕۆ لە قەزای بێجی سنووری پارێزگای سەلاحەدین، تەقینەوەیەک روویدا و بەهۆیەوە چوار ئەندامی بنەماڵەیەک گیانیان لەدەست دا و سێی دیکەش بریندار بوون.