بلینکن داوای پاراستنی بارەگاکانی ئەمریکا لە سوودانی دەکات

02-12-2023
ئاکار بەختیار @Akarbakhtyar
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ    

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، تێیدا بلینکن داوای لە سوودانی کردووە بەدواداچوون بۆ بەرپرسیارانی هێرشکردنە سەر هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق بکات.  
 
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن داوای لە محەممەد شیاع سوودانی کردووە، حکومەتی عێراق پابەندبوونەکانی بۆ پاراستنی تەواوی ئەو بنکە و بارەگایانە جێبەجێ بکات کە سەرباز و کارمەندە ئەمریکییەکان تێیدان لەسەر داوای بەغدا. 
 
ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە نزیکەی 2500 سەرباز مەزەندە دەکرێت کە ئەرکیان راوێژپێدان و یارمەتیدانی هێزە عێراقییەکان لە رووبەڕوبوونەوەی داعشدا. 
 
لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی غەززە، هێرشی سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا زیادیان کرد بە جۆرێک، بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە لانیکەم 62 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا. 
 
هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکانی ئیسرائیل و حەماسیشیان لە غەززە کردووە، وەکو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، هەردوولا هاوڕابوون کە "پێویستە رێگری لە پەرەسەندنی شەڕەکە بکرێت." 
 
سوودانی و بلینکن گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی مرۆیی لە غەززە و کارەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کرد بۆ دیاریکردنی ئەو هەنگاوانەی دەتوانرێت بەرەو ئاشتی لە غەززە بنرێت. 
 
ئێستا شەڕ لە غەززە دەستیپێکردووە، دوای ئەوەی رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە، جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
 
لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
 
لە رۆژی یەکەمی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکانی دوای ئاگربەست، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت، لانیکەم 178 فەلەستینی کوژراون و 589 کەسی دیکەش برینداربوون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە