عەدنان زورفی بۆ رووداو: نووری مالیکی و خەمیس خەنجەر دەبنە جێگرانی سەرۆککۆمار

02-11-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی وەفای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فەرمانی دامەزراندنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان بۆ پۆستی جێگرانی سەرۆککۆمار واژۆکراوە و گوتی، "چاوەڕێی کاتێکی گونجاو دەکەن، بۆ ئەوەی دەستبەکاربن".
 
عەدنان زورفی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی وەفای عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە موشتاق رەمەزان پێشکێشی کرد رایگەیاند، "هەموو لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت، دەیانەوێت سۆزی رەوتی سەدر بەدەستبهێنن، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی رابردوودا سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێنا، بۆیە لەو قۆناخەدا دنەدانی رەوتی سەدر لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوونی نییە". 
 
لەبارەی پرسی بۆردوومانەکانی سەر هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی حکومەتی عێراق، عەدنان زورفی گوتی: "حکومەتی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات، ئێمەش هەموومان لە ئەنجوومەنی نوێنەران سەرکۆنەی ئەو هێرش و پەلامارانەمان کردووە، بەڵام کێشە لەنێو هەردوو حکومەت لە بەغدا و هەرێمی کوردستان هەیە، پێویستە بە روون و راشکاوانە چارەسەر بکرێن. هەردوولا دابنیشن و خاڵە مەترسییەکان دیاری بکەن و چارەسەر بکەن، هەڕەشەکە نەک لای حکومەتی فیدراڵییە، بەڵکو لای حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە". 
 
ئەبوو میساق مەسارى، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى رێکخراوى بەدر کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەنێو هاوپەیمانێتییەکەیدا بە دەنگدان نوورى ماليكى وەک بەربژێرى پۆستى یەکێک لە جێگرانى سەرۆککۆمار یەکلاکراوەتەوە. 
 
ئەبوو میساق مەسارى ئاشکرای کرد، بەشێوەیەک رێککەوتن کراوە، سەرۆککۆمار سێ جێگرى هەبێت، یەکێکیان شیعە و دووەمیان سوننە و سێیەمیان لە یەکێک لە پێکهاتەکان بێت. گوتیشى: "بەربژێرى سوننە بۆ ئەو پۆستە خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانیى سەروەرییە، بەڵام جێگرى سێیەم یەکلانەکراوەتەوە کە دەدرێتە کام پێکهاتە و کێ بەربژێرى دەبێت." 
 
بەگوێرەى یاسای جێگرانى سەرۆککۆمار کە لە ساڵى 2011 لە پەرلەمان پەسند کراوە، سەرۆککۆمار دەتوانێت جێگرێک یان زیاتر بۆ خۆى دەستنیشان بکات بەمەرجێک کە لە سێ جێگر زیاتر نەبن و پێویستە لە پەرلەمانى عێراق متمانە وەربگرن. 
 
هەیسەم عجێڵى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە هاوپەیمانیى سەروەرى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بە فەرمى خەمیس خەنجەر بۆ پۆستى جێگرى سەرۆککۆمار رانەگەیێندراوە، بەڵام زۆرترین چانسى هەیە کە ئەو پۆستە وەربگرێت بەوپێیەى سەرۆکى هاوپەیمانێتییەکەیە. 
 
هاوپەیمانیى سەروەرى نوێنەرى زۆرینەى سوننەکانە لە پەرلەمانى عێراق و خاوەنى 61 کورسیی پەرلەمانى عێراقە، لەکاتێکدا هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا کە نوورى مالیکى سەرۆکایەتی دەکات، یەکێکە لە پێکھێنەرە سەرەکییەکانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگیى شیعە و خاوەنى 38 کورسیی پەرلەمانە.
 
لە خولى رابردوودا سەرۆککۆمار جێگرى نەبوو بە پاساوى کەمکردنەوەى خەرجیى دەوڵەت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی بیرەکان لە ئاسمانەوە.

400 بيرى مێژوویی لە سنوورى نێوان عێراق و ئێران دەدۆزرێنەوە

400 بیرى شاقولى لە سنوورى نێوان عێراق و ئێران دەدۆزرێنەوە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستا، بەگوتەى بەرپرسێکى شوێنەوارى میسان بیرەکان لەو جۆرانەن، کە لە هەرێمى کوردستان بەکارهێندراون.