دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بۆ رۆژی سێشەممە دواخرا

01-10-2018
نەهرۆ محەممەد
سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو
سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو
نیشانەکردن پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو - هەولێر 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بۆ سبەی سێشەممە دواخرا.

دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بۆ کاژێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆی سبەی سێشەممە (2-10-2018) دواخرا.

هەروەها، دکتۆر محەممەد شاکر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، دانیشتنەکە پێویستی بە ئامادەبوونی 220 پەرلەمانتار هەیە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار نەک 166 پەرلەمانتار، ئەوەی لە پەرلەمان دەبینرێت ئەو رێژەیە بەدی نەکرا و لەبەئەوە دانیشتنەکە بۆ سبەی دواخرا.

دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ شاندێکی یاوەری گەیشتە بەغدا و لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی عێراق کۆبووەوە.

هەروەها شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ هەمان مەبەست کۆبوونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ یەکێک لە هاوپەیمانییەتییەکانی عێراق خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە دەنگ بەکام بەربژێرەی کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەدەن.

پەرلەمانی عێراق بە فەرمی بڵاویکردەوە، کە 24 کەس لە کۆی 31 بەرژێر مەرجەکانی کاندیدبوونیان بۆ پۆستی سەرۆکۆماری عێراق هەیە و، لەنێوایان 8 یان کوردن، کە بریتین لە: د.فوئاد حوسێن، د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح، د. لەتیف رەشید، سەردار عەبدوڵڵا، د. عومەر بەرزنجی، سروەر عەبدولواحید و  د. کەمال عزیزی قەیتولی و سەلیم شوکەیی.

بەڵام ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، یەکێتیی بەرهەم ساڵحی وەک تاکە بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەستنیشانکرد. 

د.فوئاد حوسێن بەرژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح بەرژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کێبڕکێی بەهێزدا بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. 

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە