سوپاسالاری ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەکات

30-09-2022
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپاسالاری ئێران لەبارەی خستنەخوارەوەی درۆنێکی ئێرانی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا لە سنووری پارێزگای هەولێر گوتی: ئەگەر ئەمریکا هەوڵێکی لەو شێوەیە بدات، هێزە چەکدارەکانی ئێران وەڵامی تووندیان دەبێت.
 
رۆژی هەینی 30-9-2022 محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زانیاریی وردیان لەبارەی بنکە سەربازییەکانی هەریر، هەولێر و دهۆک لە عێراق هەیە. بەڵام هێزەکانمان ئێستا تەنیا هێرش دەکەنە سەر جوداخوازەکان و لەو بڕگەیەدا هیچ جووڵەیەکمان بەرامبەر ئەمریکا نابێت".
 
لەبارەی خستنەخوارەوەی درۆنەکەی ئێران لە سنووری پارێزگای هەولێریش هەڕەشەی ئەوە لە ئەمریکا دەکات کە: "با ئەوان بزانن تۆڵەسەندنەوەمان بۆ ئەو کردارە لەجێی خۆی دەمێنێتەوە و هێزە چەکدارەکانمان بەگوێرەی خۆی وەڵام دەدەنەوە".
 
باقری دەشڵێت: "لێدوانی ئەمریکا لەبارەی خستنەخوارەوەی درۆنە شەڕکەرەکەی ئێران دەیسەلمێنێت کە ئەوان دەستیان لەگەڵ جوداخوازە تیرۆریستەکان تێکەڵکردووە و هاوکارییان دەکەن".
 
شەوی 28ی ئەیلوولی 2022، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ناسراو بە "سێنتکۆم"، رایگەیاند، "لە کاژێر 02:10ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی هەولێر، هێزەکانی ئەمریکا درۆنێکی ئێرانی لە جۆری موهاجیر شەش-ی خستەخوارەوە کە بە ئاراستەی هەولێر دەڕۆیشت و پێدەچوو هەڕەشە بێت بۆ سەر هێزەکانمان لەو ناوچەیە".
 
باقری لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی: "ئامۆژگاریمان بۆ وڵاتانی دراوسێ ئەوەیە، ئەگەر هەر هێرشێکی دووژمنکارانە لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاسایشی نیشتمانیمان لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دراوسێوە بکرێت، بە دڵنیاییەوە وەڵاممان دەبێت."
 
رۆژی 28-09-2022 سوپای پاسدارانی ئێران بە 73 مووشەک و دەیان درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر بارەگاکانی پێشمەرگە و کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەو هۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و 46 کەسیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە