رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عێراقدا، پرسی چالاکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تاوتوێ کراوە و باس لەوە کراوە، رێگریی لە چالاکییەکانیان لە ناوچە سنوورییەکاندا بکرێت.
ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی 29-8-2022ـی نێوان حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقدا پرسی هاوکاری لە بوارە ئەمنییەکان بە تایبەت رێگریی لە چالاکی "گرووپە دژبەر، جوداخواز و تیرۆریستەکان" لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان و لە هەندێ ناوچەی سنووری بکرێت.
ئێران لە ساڵانی رابردووشدا گوشاری زۆری خستووەتەسەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی رێگریی لە چالاکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکات.
مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حدکا رۆژی 22-8-2022 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو گوتی: لە ژێر گوشاری ئێراندا حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لێیان کردووین پێشمەرگەکانمان لە ناوچە سنوورییەکان بکشێنینەوە، بەڵام پێشمەرگەکانمان هێشتا لە ناوچە سنوورییەکانن.
د. فوئاد حوسێن لە سەردانەکەی رۆژی دووشەممەیدا بۆ تاران جگە لە وەزیری دەرەوە، لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێرانیش کۆبووەوە. ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران گوتی: ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق تەنیا لە رێی گفتوگۆ لەنێوان رەوتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە و لەسەر بنەمای دەستوور دابین دەبێت.
سەرۆککۆماری ئێران، دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و سعودیە بە نێوەندگیریی عێراق، "بەسوود" لە قەڵەمدا و گوتی: ئەگەر رێککەوتنەکانی پێشتر جێبەجێ بکرێن، رێگە بۆ باشتربوونی پەیوەندییەکان خۆش دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ