رەئیسی رەخنەی تووند لە مانەوەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگرێت

29-04-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، سەرۆککۆماری ئێران رەخنەی تووندی لە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرت.  
 
لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "ئێمە هەبوونی هێزە بیانی و بێگانەکان لە ناوچەکە بە سوودبەخش نابینین. مانەوەی ئەمریکا ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدات."
 
رەئیسی هەروەها گوتیشی: "پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشە. ئەمریکییەکان بیر لە بەرژەوەندییەکانیان دەکەنەوە، نەک بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکە."
 
ئەمریکا و ئێران، دوو نەیاری سەرسەختی یەکدین، لە 2003ـەوە رکابەریێکی بەردەوام لە نێوانیاندا هەبووە بۆ زیادکردنی هەژموونیان لە عێراقی دوای سەدام حوسێن. 
 
هەردوو وڵاتەکە یارمەتیی عێراقیان دا بۆ تێكشکاندنی داعش. ئەمریکا تائێستاش دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە کە مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دەکەن و راوێژیان پێ دەدەن. 
 
هەروەها نزیکەی 900 سەربازی دیکەی ئەمریکی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان ماون، کە زۆربەیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جێگیرکراون. 
 
جگە لەوە، کەشتیگەلی جەنگی پێنجەمی ئەمریکا لە سنوورە ئاوییەکانی بەحرێن جێگیرکراوە. 
 
وێڕای ئەوەی عێراق و ئێران لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە شەڕێکی هەشت ساڵەدا بە ئاگر و ئاسن رووبەڕووی یەک بوونەوە، لە ساڵی 2003ـەوە پەیوەندییەکانی نێوان دوو دراوسێیە زۆرینە شیعەکە بە شێوەیەکی بەرچاو لە دوای دەسەڵاتی سوننە مەزهەبی سەدام حوسێن، گەشەیانکرد.
 
عێراق بووەتە شادەمارێکی ئابووریی گرنگ بۆ ئێرانی سزا بەسەردا سەپێنراو، لە کاتێکدا تاران گاز و کارەبا و شمەکی دیکە بۆ عێراق دابیندەکات. 
 
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، رەئیسی جەختی لە گرنگیی هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ عێراق لە بواری ئەمنی و بابەتەکانی دیکەدا کردەوە. 
 
سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق بەردەوام دەبن لە بواری ئاو و ژێرخانی کارەبا لێکتێگەیشتنێکی ئەمنی لە نێوان دوو وڵاتەکەدا دروستبووە. ئاساییشی عێراق و سنوورەکانی بۆ ئێمە زۆر گرنگە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە