رووداو- هەولێر
هەڵبژاردنی قۆناخی دووەمی خولی دەیەمی پەرلەمانی ئێران کە کاژێر 8ی بەیانی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە، هەروا بەردەوامە و بەرپرسانی حکومی دەڵێن خەڵک بە رێژەیەکی زۆر روویان لە بنکەکانی دەنگدان کردووە.
هەڵبژاردن لە 43 بازنەی هەڵبژاردنی ئێران و 12 بازنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێت. لە قۆناخی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان کە 26ی شوباتی رابردوو بەڕێوەچوو، لەکۆی 290 پەرلەمانتار چارەنووسی 222 کورسی یەکلایی بووەوە و ئەمڕۆش چارەنووسی 68 کورسی دیاری دەکرێت.
بەرپرسانی حکومی ئێران رایدەگەیێنن تاوەکوو ئێستا رێژەیەکی زۆر لە دەنگدەران روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کردووە.
بڕیاربوو هەڵبژاردنەکە تاوەکوو کاژێر 6 بەکاتی رۆژهەڵاتی کوردستان (4:30 بەکاتی هەولێر) تەواو بێت بەڵام تاوەکوو ئێستا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە دوو راگەیێندراودا، بۆ سێ کاژێر هەڵبژاردنی درێژ کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ