رووداو دیجیتاڵ
گرووپێکی هاککەری ئێران بەناوی گرووپی "دادپەروەریی عەلی"، بە بڵاوکردنەوەی چەند گرتەڤیدیۆیەکی نێو گرتووخانەی ئێڤینی تاران رایانگەیاند، هەموو کامێراکانی ئەو گرتووخانەیان هاککردووە و توانیویانە لە رێگەی کامێراکانی گرتووخانەکەوە دەستیان بە هەندێک دیمەنی ئازاردان و ئەشکەنجەدانیی دەستگیرکراوانی نێو گرتووخانەکە بگات.
گرووپەکە لە راگەیێندراوێکدا نووسیویەتی، گرتووخانەی ئێڤینی تاران هۆکاری دانانی ئیبراهیم رەئیسی بە سەرۆککۆماری ئێران لە لایەن عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای وڵاتەوە بووە و دەشڵێت، بە بڵاوکردنەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆیە رایدەگەیێنین: "درێژە بە ناڕەزایەتییەکانمان دەدەین و چەوساندنەوەی خەڵک لە لایەن حکومەتەوە بڵاودەکەینەوە".
گرووپەکە دەشڵێت: "ئاگاداری سەرکوتکردنی خەڵکین لە لایەن حکومەتەوە و رێگە بە شاردنەوەی ئەو راستییە نادەین".
گرووپی "دادوەریی عەلی" راشیگەیاندووە، چەندین ڤیدیۆی دیکەی لە ئازاردان و ئەشکەنجەدانی زیندانییانی سیاسی لە گرتووخانەی ئێڤین لەبەردەستە کە لە رێگەی هاککردنەوە دەستیکەوتوون و بڵاویان دەکاتەوە.
وەک لە ڤیدیۆکەدا هاتووە، لەسەر شاشەی کۆمپیوتەری نێو گرتووخانەی ئێڤین لۆگۆی گرووپەکە دەبیندرێت و لە دیمەنەکەشدا دیارە بەرپرسانی ئایتی گرتووخانەکە سەیری لۆگۆی گرووپەکە دەکەن و هەوڵدەدەن کۆتایی بە هاککردنەکە بهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ