لە ئێران مامۆستایەکی تەمەن 55 ساڵ دەستدرێژی دەکاتە سەر 18 قوتابی

20-07-2022
فریا یونسی
A+ A-

رووداو - هەولێر

مامۆستایەکی تەمەن 55 ساڵ لە پارێزگای خۆراسانی باشووری ئێران، دەستدرێژی کردووەتە سەر 18 قوتابی و دەستبەسەر دەکرێت.
 
عەلیڕەزا مووسەوی نەژاد، بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگای خۆراسانی باشوور، هەواڵی دەستدرێژیکردنی مامۆستایەکی 55 ساڵی بۆ سەر ژمارەیەک لە قوتابییانی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت؛ تاوانبار بە هاوکاری خێزانی حەوت قوتابی لە گەراجی ماڵەکەیدا پۆلی تایبەتی بۆ قوتابییان کردووەتەوە و هەر لەوێ دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر قوتابییانی بەشداربوو لە پۆلە تایبەتەکەیدا.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگای خۆراسان، ئەو مامۆستایە تەمەنی 55 ساڵە و 28 ساڵە مامۆستایە و، تاوەکو ئێستاش هیچ دۆسییەیەکی تاوان و سەرپێچیی نەبووە. مووسەوی نەژاد دەڵێت؛ ئەو قوتابییانەی دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەریان، لە قۆناخی سەرەتایی بوون کە 18 کچ بوون و تەمەنیان لەنێوان هەشت بۆ 11 ساڵ بووە.
 
رۆژنامەڤانێکی ئێرانی بەنێوی هەدیە کیمیایی لە تویتەری خۆی هەواڵی دەستدرێژیی سێکسی ئەو مامۆستایەی بۆسەر 18 قوتابی لە شارۆچکەی فردەوسی خۆراسانی باشوور بڵاوکردەوە و نووسیبووی؛ مامۆستاکە لە پۆلەکەدا فیلمی سێکسی نیشانی قوتابییانی کچ داوە و دوای ئەوە دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەریان. 
 
باوکی یەک لەو قوتابییانە بەو رۆژنامەڤانەی گوتووە؛ کچەکەی ماوەیەک گۆشەگیر بووە، بەڵام هیچی بە باوک و دایکی نەگوتووە، تاوەکوو رۆژێک بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پەیوەندیی بەو باوکییەوە دەکات و دەڵێت؛ یەک لە قوتابییەکان ئاگاداری کردووەتەوە لە دەستدرێژیی سێکسی ئەو مامۆستا 55 ساڵە بۆ سەر 18 کچی قوتابخانەکە و کچەکەی ئەویش یەک لەو 18 کچە بووە.
 
قوتابییەکان بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیان گوتووە، مامۆستاکە هەڕەشەی لێکردوون ئەگەر لای کەس بیدرکێنن، ئاوی کوڵاو دەکات بەسەریاندا و دەیانسووتێنێت. 
 
بەگوتەی هەدیە کیمیایی؛ دوای ئاگادارکردنەوەی خێزانەکان، بەڕێوەبەری قوتابخانە و دایک و باوکی منداڵەکان پەیوەندی بە بەڕێوەبەری پەروەردەی فردەوسەوە دەکەن، بەڵام هەڕەشە لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەکرێت ئەو بابەتە نەگاتە راگەیاندنەکان ئەگینا لەکار دوور دەخرێتەوە، بەڵام هەواڵەکە بە رۆژنامەڤان هەدیە کیمیایی رادەگەیێندرێت و ئەویش بڵاوی دەکاتەوە.
 
ئەو رۆژنامەڤانە هەروەها دەشڵێت؛ زیاتر لە سێ مانگ بەسەر ئەو بابەتەدا تێدەپەڕێت و لەو ماوەدا خێزانی ئەو قوربانییانە بەهۆی هەژاری 150 هەزار تمەن پارەی دادپزیشکیان نەبووە کە لە تەندروستتی منداڵەکەیان ئاگادار بن و دەشڵێت؛ مامۆستای دەسدرێژیکار لە دادگە گوتوویەتی؛ پێش ئەوەی دەستدرێژیی بکاتە سەر منداڵەکان، مارەی کاتی –سیغە-ی کردوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە