رووداو دیجیتاڵ
دوو مانگە بەهۆی هەڵگرتنی هاوکاریی حکومی لەسەر ئارد، خەڵک لە نۆرەی وەرگرتنی ناندا دەوەستن و دەبێ چەند کاژێرێک لە نۆرەدابن. ئەگەر شانسیان هەبێت و تاوەکو نۆرەیان دەگاتێ نان بمێنێت.
ئەبوبەکر نیازی، لەحیمچییەکی خەڵکی مەریوانە و دەڵێت، "زۆرینەی نانەواکان گەڕاوم، وتوومە بەشکم نانەواخانەیەک چۆڵ بێت و بتوانم نان بکڕم، بەڵام تەواوی نانەواخانەکان قەرەباڵخە."
کێشەی کەمیی نان دوای دەستکاریکردنی شێوازی هاوکاریکردنی حکومەت بۆ خەڵک سەریهەڵداوە. دوو مانگ پێش ئێستا کابینەی ئیبراهیم رەئیسی رایگەیاند، چیدیکە پارە بۆ هەرزانکردنی ئارد تەرخان ناکات، راستەوخۆ دەیداتە ئەوانەی نان وەردەگرن. بەو بڕیارە نرخی ئارد لە بازاڕی ئازاد لانیکەم شەش هێندە بەرزبووەتەوە، بۆیە نانەواخانەکان تەنیا ئەو بەشە ئاردە دەکەنە نان کە بە نرخی حکومی پێیان دەدرێت.
رۆژانە مشتومڕ لەنێوان هاونیشتمانی و خاوەن نانەواخانە و کولێرەخانەکاندا روودەدەن. هاونیشتمانییان لەوە ناڕازین نانەواخانەکان زووتر دایدەخەن و خاوەن نانەواخانەکانیش دەڵێن، ئەوەندە ئاردەی پێیان دەدرێت، هەر بەشی ئەوەندە دەکات.
نان لەو نانەواخانانەی بە ئاردی حکومی نان دەکەن، گران نەبووە و هەر نانێک دەورووبەری 400 تمەنە، بەڵام نانەواخانەکان فرۆشتنی نانیان سنووردارکردووە. هەر خێزانەی دەورووبەری 20 نانی پێدەدرێت، ئەوانەی بەشیان ناکات، دەبێ بە نرخی ئازاد و بە چەند هێندە زیاتر نان بکڕن ئەگەر دەستیان بکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ