هەڵاوسان لە ئێران گەیشتە 48٪

20-03-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نێو بازاڕێک لە ئێران
نێو بازاڕێک لە ئێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئابووریی ئێران بە ساڵێکی دژواردا تێپەڕبوو، بەڵام لە روانگەی حکومەتەوە، سەرەڕای دژوارییەکان، ئابوورییەکە لە گەشەدا بووە. 
 
عەلی بەهادۆری جەهرۆمی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت: "رێژەی بێکاری بۆ 8.2٪ کەمبووەتەوە، واتە رێژەی بێکاری نزیکەی 2٪ کەمبووەتەوە. جووتیارەکان 60٪ گەنمی زیاتریان بە حکومەت فرۆشت. بەرهەمهێنانی گەنم 30٪ زیاتر بوو، لە پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکەشدا هەر بەمجۆرە بوو." 
 
وەک گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت، "گەشەی ئابوورییمان لە بواری بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلدا، ریکۆردی 9٪ی تۆمارکرد. لە چوار ساڵی رابردوودا هەر ساڵێک کەمتر لە یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل دروستکرابوو، بەڵام ریکۆردی دروستکردنی یەک ملیۆن و 300 هەزار ئۆتۆمبێلمان شکاند. واتە بەراورد بە ساڵی رابردوو، نزیکەی 40٪ زیاتر بووە."
 
سەرەڕای ئەو گوتانە هەموو کەس بەو گەشبینییەوە سەیری ئابووریی ئێران ناکات. تەنانەت زۆر کەس باس لەوە دەکەن، تیمی ئابووری حکومەت هاوئاهەنگ ناجوڵێتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی بەشێک لە کێشە ئابوورییەکان. 
 
چەند رۆژێک لەومەبەر عەلی ئەسغەر باقرزادە، پەرلەمانتاری ئێران گوتی: تیمی ئابووریی حکومەت پلانی نییە و خەڵکیش باجی ناکارامەیی و خراپ بەڕێوەبردنی کاری بەرپرسان دەدات. 
 
هەڵاوسان نیشانەیەکی گرنگی دۆخی ئابووریی وڵاتە. بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، هەڵاوسان لەو وڵاتەدا نزیک 48٪ـە. شارەزایانی ئابووریی ئێران دەڵێن، دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن، بەرزبوونەوەی نرخ لە بواری وەبەرهێنان، خانووبەرە و ئۆتۆمبیل، نیشانی دەدات حکومەت لە بواری ئابووریدا سەرکەوتوو نەبووە.
 
عیزەتوڵڵا ئەکبەر، پەرلەمانتاری ئێران دەڵێت: "بەڕێزان بەرپرسیاریەتی خۆیان بە رێکوپێکی بەڕێوەنابەن. ناسەقامگیری، ئەوەی کە دەگوترێ قۆڕخکاری دەکرێ و پارەی وڵات دەربردرێتە دەرەوە. بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆی کێیە؟ حکومەت توانی سیاسەتێک دابڕێژێت کە خەڵک نیگەرانی داهاتووی خۆیان نەبن؟" 
 
بانکی جیهانی بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو پێشبینی کردووە، گەشەی ئابووریی ئێران نزیکەی 2٪ بێت. بەڵام بەرپرسانی حکومەت پێداگری دەکەنەوە دۆخی ئابووری لەوەی ئێستا باشتریش دەبێت و ئەگەر کەموکوڕییەکیش هەیە، بۆ کاری خراپی حکومەتەکانی پێشتر دەگەڕێتەوە.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە