رووداو دیجیتاڵ
سبەی لە ئێران یەکێک لە جیاوازترین هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی لە 40 ساڵی رابردوو دەکرێت. دەنگدان و دەنگنەدان، ئێرانییەکانی دابەشکردووە. رێبەری ئێران داوای بەشداریی لە دەنگدان دەکات و خەڵکانێکی زۆریش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەسەر شەقامەکانی ئێرانیش بە کەمپەینی دەنگ نادەین، تووڕەیی و ناڕەزایەتییەکانی خۆیان بەوشێوەیە دەردەبڕن.
رەتکردنەوەی بەربڵاوی شیاویەتیی بەربژێرەکانی سەرۆکایەتی و دۆخی ئابووریی و سیاسیی ئێران، وایکردووە هەڵبژاردنی ئەمجارە بە دۆخێکی جیاواز لە ساڵانی رابردوو تێپەڕێت. لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بە ئاشکرا دەبیندرا کە خەڵکی ئەو وڵاتە پێشوازیی لە هەڵبژاردنەکە ناکەن و شەقامەکانی ئەو وڵاتە هیچ گەرموگوڕییەکی پێوەدیار نییە. هەر ئەوەشبوو کە وایکرد رێبەری باڵای ئێران پێچەوانەی خولەکانی رابردوو چەندجارێک بەشێوەی راستەوخۆ قسە لەگەڵ خەڵکی ئێران بکات و هانیان بدات بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن.
عەلی خامنەیی رێبەری ئێران، رۆژی رابردوو و 48 کاژێر پێش رۆژی دەنگدان جارێکی دیکە لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێرانەوە قسەی لەگەڵ خەڵک کرد و داوایکرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. رێبەری ئێران گوتی، دەنگنەدان دەبێتە هۆی لاوازیی دەسەڵاتی ئێران و دوورکەوتنەوەی خەڵک لە رژێم. هەروەها گوتی کێشەکانیش بە دەنگنەدان چارەسەر ناکرێن.
بەڵام ئۆپۆزیسیۆن و زۆربەی خەڵکی ئێران پێیانوایە دەنگدانیان هیچ شتێک لە ئێران ناگۆڕێت. ئەوان لەو باوەڕەدان کە ئەنجامەکە یەکلایی بووەتەوە و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری داهاتووی ئێرانە و هەڵبژاردنێکی بێ رکابەری بۆ رێکخراوە. بە گوێرەی نوێترین راپرسیی ئاژانسی راپرسیی خوێندکارانی ئێران ناسراو بە ئیسپا، ئەو بەربژێرە تەمەن 60 ساڵە، سەرووی ٪60ی دەنگەکانی ئەو کەسانە بەدەستدەهێنێت کە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن.
ئەگەرچی دوای رەتکردنەوەی شیاویەتی زۆربەی بەربژێرەکان, تەنیا 7 کەس مابوونەوە، بەڵام لەو حەوت کەسەش لەماوەی هەفتەی رابردوو عەلیرەزا زاکانی و سەعید جەلیلی لە بەرژەوەندیی رەئیسیی کشانەوەی خۆیان لە هەڵبژاردنەکە راگەیاند و موحسین مێهرعەلیزادەش کە بە بەربژێرێکی ریفۆرمخواز دادەنرا (هەرچەند پشتیوانیی ریفۆرمخوازەکانی نەبوو) بەبێ ئەوەی پشتیوانیی لە هیچ بەربژێرێک رابگەیێنێت، کشانەوەی خۆی راگەیاند.
ئیستا بەربژێرەکانی ئەمانەن:
1- ئیبراهیم رەئیسی
2- موحسین رەزایی
3- عەبدولناسر هیممەتی
4- ئەمیر حوسێن قازی زادەی هاشمی
رێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکەش ناکۆکیی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات دروستکردووە. بەپێی زۆربەی راپرسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و پێشبینییەکانیان رێژەی دەنگدان لەژێر 30% دەبێت. بە گوێرەی راپرسییەکەی ئیسپاش، تەنیا 42٪ی ئەو 59 ملیۆن کەسەی کە مافی دەنگدانیان هەیە، بەشداریی لە دەنگداندا دەکەن کە ئەگەر ئەوەش راست بێت، کەمترین رێژەی بەشداریی خەڵکی ئێران لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە.
دوای کشانەوەی سێ بەربژێر، ئێستا تەنیا بەربژێرێکی ریفۆرمخواز و دوو بەربژێری دیکەی نەریتخواز لەگەڵ رەئیسی لە کێبڕکێکەدا ماونەتەوە کە بەگوێرەی راپرسیەکە، چانسی بردنەوەیان لە بەرامبەر رەئیسی زۆر لاوازە.
بۆچی هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆککۆماریی ئێران جیاوازە؟
بەپێی دەستووری ئێران و لە تیۆریدا دوای رێبەر، سەرۆککۆمار بەرزترین دەسەڵاتی هەیە. بەڵام بە کردەوە دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار ، هەم لە ئاستی ناوخۆیی و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زۆر سنووردارن و ناتوانێ ئەو دەسەڵاتانەی کە یاسا پێی داوە وەک خۆی بەکاریبهێنێت.
دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆماری ئێران چین؟
بەپێی دەستووری ئێران سەرۆککۆمار بەرپرسی جێبەجیکردنی دەستوورە، پرۆژە یاساکان و پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانەی وڵات ئامادە و پێشکەشی پەرلەمان دەکات، بەرپرسانی پلەبەرز دادەنێت، لەوانە جێگرەکانی خۆی و وەزیرەکان، هەندێک لە وەزیرەکان دەبێ بە پرس و رەزامەندیی رێبەر دابنرێن.
هەروەها جێبەجیکردنی سیاسەتی دەرەوە و واژۆکردنی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی لە ئەستۆیە و بەرپرسی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیشە.
بەڵام ئەم دەسەڵاتانەی سەرۆککۆمار لەلایەن دامەزراوە سەربازییەکانی وەک سوپای پاسداران، رێبەر و دامودەزگاکانی سەربە نووسینگەی رێبەریی ئێرانەوە سنووردارکراون. رێبەری ئێران خۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، هێزێک کە دەیتوانی دەسەڵاتێکی زۆر بە سەرۆککۆمار بدات.
دەسەڵاتی سەرۆککۆمار لە سیاسەتی دەرەوەشدا زۆر بەربڵاو نییە. داڕشتنی چوارچێوە گشتییەکانی سیاسەتی دەرەوە و راگەیاندنی شەڕ و ئاشتی لە دەسەڵاتی رێبەری ئێراندایە. گەرچی سەرۆککۆمار جێبەجیکاری سیاسەتی دەرەوەیە، بەڵام ئەم دەسەڵاتەشی لە زۆر شوین سنووردارە.
بۆ نموونە پەیوەندیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی چین و رووسیا راستەوخۆ لەژێر کۆنترۆڵی نوێنەرانی تایبەتیی رێبەری ئێراندایە. سیاسەتی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەژێر دەستی لقی قودسی سوپای پاسداراندایە، تەنانەت باڵیۆزەکانی ئێران لە زۆربەی وڵاتانیش لە فەرماندەکانی سوپای قودسن.
لەگەڵ ئەوانەشدا سەرۆککۆمار لە سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆشدا کاریگەریی هەیە، بەتایبەت لە شێوازی بەڕێوەبردن و جێبەجێکردندا. بەڵام ئەمانە بەندە بەوەی سەرۆککۆمارێک تا چەندە بیەوێ بچێتە نێو ململانێ لەگەڵ رێبەر و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە.
لە ئێران کێ دەتوانێت ببێتە سەرۆککۆمار؟
لە ئێران ناوتۆمارکردن بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران زۆر ئاسانە. هەر کەسێک کە ناسنامە و کارتی نیشتمانی ئێرانی هەبێت دەتوانێ لە ماوەی دیاریکراودا ناوی وەکو بەربژێر تۆمار بکات، لە ماددەی 35ی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێراندا کۆمەڵێک مەرج دانراون بۆ ئەو کەسەی کە خۆی بەربژێر دەکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری. یەکەم مەرج ئەوەیە کە پیاوی مەزهەبی و سیاسی بێت. واتە هەم لە مەزهەب و هەم لە سیاسەت شارەزا بێت. بەرپرسانی ئێران دەڵێن، مەبەست لە چەمکی پیاو لێرەدا، تەنیا پیاو نییە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەم 13 خولەدا رێگە بە هیچ ژنێک نەدراوە خۆی بەربژێر بکات. هەروەها دەبێ بە رەچەڵەک ئێرانی بێ و مافی هاووڵاتیبوونی ئەو وڵاتەی هەبێت. مەرجێکی دیکە توانای بەڕێوەبەریی و کارزانییە. یەکێک لە گرنگترین مەرجەکانی بەربژێربوون ئەوەیە کە باوەڕی بە بنەماکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەبێت کە بەرچاوترین بەشی ئەو بنەمایانە، باوەڕ بە دەسەڵاتی رەهای وەلی فەقیه و رێبەرە. مەرجێکی دیکەش، ئەوەیە کە باوەڕی بە مەزهەبی فەرمی ئێران واتە شیعەی 12 ئیمامی هەبێت واتە سوننە مەزهەب کە 11%ـی دانیشووانی ئێرانن و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە کە 2%ـی دانیشتووانی ئێران پێکدەهێنن، بۆیان نییە خۆیان بەربژێر بکەن.
بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردن، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور چەند خاڵی دیکەشی بۆ مەرجەکان زیاد کرد. یەکەم خاڵ ئەوەیە کە کەسەکە تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر و لە 75 ساڵ زیاتر نەبێت. هەروەها دەبێ بڕوانامەی ماجستێر یان سەرتری هەبێت. خوێندنی ئایینیش بە هاوئاستی خوێندنی باڵا ئەژمار دەکرێت.
مەرجێکی دیکە بۆ بەربژێر ئەوەیە کە کەسەکە لانیکەم 4 ساڵ ئەزموونی بەڕێوەبەریی لە ئاستی باڵادا هەبێت. واتە پێشتر لانیکەم وەزیر، پارێزگار، سەرۆکی شارەوانیی شارێکی زیاتر لە 2 ملیۆن کەسی، یان فەرماندەی باڵای سەربازی بووبێت. هەروەها بەربژێر نابێ پێشتر هیچ تاوانێکی کردبێ کە بەهۆیەوە لە دادگە سزا درابێت.
بەڵام بوونی هەموو ئەو مەرجانەش لە کەسێکدا ناتوانێ گەرەنتیی ئەوە بکات کە بە فیلتەری ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووردا تێپەڕێ و بگاتە قۆناخی دەنگدان. ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور لە 12 ئەندام پێکدێت کە شەشیان راستەوخۆ لەلایەن رێبەرەوە دەستنیشان دەکرێن و شەشەکەی دیکەشیان لەلایەن سەرۆکی دەزگای دادەوە بە پەرلەمان دەناسێنرێن کە سەرۆکی دەزگای دادیش خۆی راستەوخۆ هەر لەلایەن رێبەرەوە دەستنیشان دەکرێت. بۆیە لە زۆربەی هەڵبژاردنەکان شیاویەتیی ئەو کەسانە رەتدەکرێتەوە کە لەگەڵ سیاسەتەکانی رێبەری ئێران و باڵە تووندڕەوەکەی ئەو وڵاتە ناکۆک و ناتەبا بن.
هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئێران هەڵبژاردنە یان دەستنیشانکردن؟
بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ لە 592 کەس کە ناویان تۆمار کرا، 40 کەس تەواوی مەرجەکانیان هەبوو، بەڵام 33 یان رەتکرانەوە و تەنیا 7 کەسیان بۆ گرتنە دەستی پۆستی سەرۆککۆماری بە شیاو زانران.
ئەوەی کە جێگای سەرنجە و هەموو جارێکیش مشتومڕی زۆری لێ دەکەوێتەوە ئەوەیە کە ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، خۆی بە ئەرکدار نازانێ کە هۆکاری رەتکردنەوەی بەربژێرەکانیش روون بکاتەوە و زۆرجار کەسانێک رەتدەکەنەوە کە خۆیان لە لووتکەی هەرەمی دەسەڵاتدا بوونە، بە نموونە ساڵی 2013 عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی رەتکرایەوە کە جگە لەوەی لە ئەکتەرە دیار و سەرەکییەکانی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی بوو و هەشت ساڵ سەرۆککۆماری، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی لە کارنامەیدا بوو، و هەر ئەو کاتەش واتە ساڵی 2013 سەرۆکی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بوو، کەچی بە پاساوی ئەوەی کە بوونە سەرۆککۆماری ئەو لە بەرژەوندیی رژێمدا نییە رەتکرایەوە.
ئەمەش ئێستا پاش هەشت ساڵ بەپێی دانپێدانانی حەیدەر موسڵحی وەزیری ئیتلاعاتی کابینەی دووەمی ئەحمەدی نژاد دەرکەوتووە کە لە لێدوانێکدا دەڵێت، بەپێی ئاماژەکان ئەوان لە وەزارەتی ئیتلاعات دڵنیا بوونەتەوە لەوەی کە رەفسەنجانی زۆرینەی رەهای دەنگەکان بەدەستدەهێنێ، بەڵام چونکە پێیانوابووە لە بەرژەوەندیی رژێمدا نییە، داوای لە ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور کردووە شیاوبوونی رەفسەنجانی رەتبکاتەوە و ئەوەش جێبەجێکرا.
مێژووی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێران لە زۆربەی خولەکاندا دۆخێکی نائاسایی لەخۆ گرتووە هەر لە یەکەم سەرۆککۆمارەوە ئەبولحەسەنی بەنی سەدر کە بەهۆی جیاوازیی بۆچوون لەگەڵ روحوڵڵا خومەینی و ئەندامانی حیزبی کۆماری ئیسلامی بە تایبەتی لە پرسی بەبارمتەگرتنی دیپلۆماتەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە نۆڤەمبەری 1979 و ئاشکراکردنی هەبوونی ئەشکەنجە لە زیندانەکاندا، دوای ساڵیک و پێنج مانگ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و دواتریش بەناچار لە ئێران هەڵات.
تاوەکو هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2009 کە زۆرینەی دەنگدەران دەسەڵاتیان بە دزین و گۆڕینی دەنگەکانیان لە بەرژەوندیی ئەحمەدینژاد تۆمەتبار کرد و رژانە سەر شەقام و گەورەترین ناڕەزایەتیی جەماوریی مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تۆمار کرد. کە لە ئەنجامدا سەدان خۆپیشاندەر کوژران و زیندانیکران و سەرکردەکانی بزووتنەوەی سەوزیش تا ئێستاش لە نێو ماڵی خۆیاندا بەند کراون.
بەڵام هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵ هەڵبژاردنێکی جیاوازتر و پڕ قسە و باسترە و خەڵک و شارەزایانی سیاسیش دەسەڵات بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هەر پێش دەنگدان سەرۆککۆماری داهاتوو دەستنیشانکراوە و (ئینتخابات)ی ئەمساڵی ئێران بە (ئینتسابات) ناو دەبەن واتە نەک هەڵبژاردن نییە، بەڵکو دەستنیشانکردنە.
ئەمەش بە هۆی ئەو شێوازەی دەسەڵاتی ئێران کە ئەمساڵ بێباکانەتر لە جارانیش بەربژێرەکانی لە بێژنگی پەسندکردن و رەتکردنەوە داوە. دەستوەردانی راستەوخۆی رێبەری ئێران و ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور ، هەر پێش ئەوەی بەربژێرەکان بە فەرمی خۆیان تۆمار بکەن دەستیپێکرد بەوەی کە رێبەری ئێران لە دانیشتنێکی تایبەتدا حەسەن خومەینی کوڕەزای روحوڵڵا خومەینیی لە خۆ بەربژێرکردن پاشگەز کردەوە کە دەکرا یەکەم شانسی بردنەوەی هەڵبژاردنی ئەمساڵ بێ.
پاش دەستپێکردنی رەوتی پەسندکردنی شیاویەتییەکانیش لە ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووردا، چەند بەربژێری ناسراوی دیکەش رەتکرانەوە کە بە خاوەن چانسێکی زیاتر لەچاو بەربژێرە پەسندکراوەکان ئەژمار دەکران، لەوانە عەلی لاریجانی بەربژێری میانەڕەو کە جگە لەوەی لە هەموو قۆناخەکانی کۆماری ئیسلامیدا پۆستی باڵای هەبووە، ماوەی 12 ساڵی بەردەوام سەرۆکی پارلەمان بووە.
گەرچی رەتکردنەوەی مەحموود ئەحمەدی نەژاد بۆ ئەمجارەش زۆر دوور لە چاوەڕوانی نەبوو، بەڵام جێی وەبیر هێنانەوەیە کە ئەحمەدی نەژادیش 8 ساڵ سەرۆککۆمار بوو و لە هەڵبژاردنەکەی 2009دا، لە بەرامبەر ناڕەزایی دەنگدەراندا عەلی خامنەیی بە ئاشکرا پشتیوانیی خۆی بۆ دەربڕی و گوتی ئەو لە بۆچوونەکانی من نزیکترە .
هەروەها ئیسحاق جەهانگیری جێگری رووحانی کە دوای جەواد زەریف بە باشترین بژاردەی ریفۆرمخوازەکان دادەنرا، رەتکرایەوە و جەواد زەریفیش لەبەر بڵاوبوونەوە و دزەکردنی هەڤپەیڤینێکی کە بێگومان سەرئێشە و دواهاتی نەرێنیی بۆ ئەو لە داهاتوودا زیاتریش دەردەکەوێ، ئەگەر دوودڵیش بووبێ بۆ خۆبەربژێرکردن، بە یەکجاریی دڵنیابووەوە هەر خۆی لەقەرەی بەربژێربوونیش نەدا.
ئێستاش لەو 7 بەربژێرەی کە پەسندکراون دیارترینیان ئیبراهیم رەئیسیە هەمان ئەو کەسەی کە جەماوەر و شارەزایانیش هەر پێش دەنگدان بە سەرۆککۆماری بێ سێ و دووی داهاتووی ئێرانی لە قەڵەمی دەدەن، چونکە هەمووان دەزانن کەسێکی نزیکی رێبەر و سوپای پاسدارانە و ئاماژەکان دەری دەخەن کە هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانەی لەسەرەوە باسکرا بۆ ئەوەیە کە ئەو چانسی بێ رکابەری ئەم هەڵبژاردنە بێ.
هەڵبژاردنی ئەمساڵ دەروازەی یەکدەستکردنی دەسەڵات و سەرەتای وەرزێکی نوێ
لە راستیدا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی 1400هاوشێوەی ساڵەکانی سەرەتای کۆماری ئیسلامییە کە سەرۆککۆمار پێش رۆژی دەنگدان بە کردەوە دەستنیشان دەکرا و چوونی دەنگدەران بۆ سەر سندووق تەنیا نمایشێکی رواڵەتی بوو.
ئەم گەڕانەوەیەش بۆ قۆناخی شەستەکان وەک شارەزایان لە سیاسەتی ئێران باسی دەکەن، ئاماژەیە بۆ هەنگاونانی کۆماری ئیسلامی بەرەو وەرزێکی نوێی دەسەڵاتداری. ئەو وەرزە نوێیەش دەروازەی چوونە نێو قۆناخی دووەمی شۆڕشی ئیسلامی و قۆناخی گواستنەوەی وەلیی فەقیهی داهاتووە. چاوەڕێ دەکرێت ئەو سیستەمە دوو جەمسەرییەی دەسەڵات کە لە دەیەی رابردوودا رووی لە لاوازبوون کردووە، شوێنی خۆی بداتە دەسەڵاتدارێتییەکی یەکدەست بۆ قۆناخێکی دیاریکراو کە دواتر دەردەکەوێ چەندە بەردەوام دەبێ.
عەلی خامنەیی سێ ساڵ پێش ئێستا و لە رێوڕەسمی ساڵیادی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیدا، پەیامێکی راگەیاند بە ناوی (قۆناخی دووەمی شۆڕش) و لە پەیامەکەیدا تایبەتمەندی و ئاسۆی داهاتووی رژێمی لە دەیەی پێنجەمی دەسەڵاتیدا خستەڕوو. هەر لەو پەیامەدا بە دەستەواژەی (کابینەی گەنجی شۆڕش) و (کابینەی حیزبوڵلاهی) ئاماژەی بە سەرۆکایەتیی خولی سێزدەهەمی دەسەڵاتی جێبەجێکار واتە سەرۆککۆماری داهاتوو کرد.
ئێستا لە قۆناخێکدا کە بە هۆی تەمەنی خامنەیی ئەگەری گواستنەوەی دەسەڵات بۆ جێگرەوەی رێبەر لەئارادایە، پێدەچێت ئامانجی خامنەیی پاراستنی دۆخی ئێستا و ئامادەکردنی بوار بێ بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە هەلومەرجێکدا کە هەموو تایبەتمەندییە کلاسیکەکانی رژێم لە رووی گوتار و تیۆری و پێکهاتە و سیاسەتەوە بە بێ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە داهاتوودا، گەرەنتی بکات.
بۆیە لەم قۆناخەدا چیتر هیچ گۆڕانخوازییەک تەنانەت لە ئاستی نزمیشدا قەبووڵکراو نییە و سڕینەوە و خستنە پەراوێزی دەنگە جیاوازەکان، بە دەستوەردانی راستەوخۆی رێبەر جێبەجێ دەکرێت.
رەخساندنی بوار بۆ دانیشتنی بێ لەمپەڕ و کێشەی ئیبراهیم رەئیسیش لەسەر کورسیی سەرۆککۆماری، ئەم تیۆرییە بەهێزتر دەکات و ئێستا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی 2021ی ئێران بۆ ئاستی پیشەسازیی دەنگدانی دامەزراوەی وەلی فەقیە دابەزیوە و بووەتە گۆڕەپانێک بۆ رەنگدانەوە و دەرخستنی درزی روو لە پەرە و پینەهەڵنەگری نێوان گەل و دەسەڵات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ