پۆلیسی تاران لە رێگەی سۆفتوێرێکەوە ئەو ژنانە دەستنیشان دەکات کە پابەندی باڵاپۆشی نابن

16-07-2023
دەستنیشانکردنی ئەو ژنانەی سەرپۆشیان نەکردووە لەڕێگەی بەرنامەیەکەوە لە تاران
دەستنیشانکردنی ئەو ژنانەی سەرپۆشیان نەکردووە لەڕێگەی بەرنامەیەکەوە لە تاران
نیشانەکردن تاران سەرپۆش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە شەقامی ئەندەرزگووی تاران، پۆلیسی ئێران بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی بۆ دەستنیشانکردنی کەسایەتی لەڕێی رووخسارەوە بەکاردەهێنێت، لەپێناو ناسینەوەی ژنانی پابەندنەبوو بە باڵاپۆشی و دوای دەستنیشانکردنیان، داوایان لێدەکات پابەندی باڵاپۆشی بن، نەک تەنها داواکاریش بەڵکو ناچاریان دەکات.
 
پۆلیس بە ژنێک دەڵێ "پابەندی باڵاپۆشی دەبیت یان دەستگیرت دەکەین. سەرپێچی لە یاسا، سەرپێچییە لە یاسا، ئەگەر باوەڕت بە ئازادی هەیە، من رێگە بە هەموو دزەکان و داگیرکەرەکان دەدەم، بۆ ئەوەی پێت بڵێن چی بە چییە".
 
هەروەها دەڵێ "ئێوە یاسا پێشێل دەکەن و لە روانگەی ئێمەوە تاوانبارن، تێگەیشتی! تۆ و خەڵکی دیکەش بەهیچ شێوەیەک نابێت بەرەنگاری بکەن. چونکە ئێمە کولتوور و ئاسایشی وڵات دەپارێزین".
 
سەرەڕای هەڕەشەکان، هەندێ کەس گوێ بە پۆلیس نادەن.
 
ماوەیەکە حکومەت لەمجۆرە فیلمانە بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا پابەندی رێوشوێنەکانی باڵاپۆشی پەسندکراوی حکومەت بن. حکومەتی ئێران پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی، وەک کێشەیەکی گەورەی ئەمنی دەبینێت.
 
مەهدی سەیاری، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران بۆ کاروباری هەواڵگری، دەڵێ: دوژمنان پلانیان هەبوو ئەمساڵ ناسەقامگیری دروست بکەن و بۆ ئەم مەبەستە هەوڵەکانیان لەسەر باڵاپۆشی چڕکردەوە بۆ ئەوەی کێشە بۆ وڵات دروست بکەن.
 
ئەو دەڵێ: لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی پاریشدا، دەستی غەیب بوو کۆماری ئیسلامی پاراست.
 
محەممەد ئیسماعیل کەوسەری، لە فەرماندەکانی پێشووی سوپای پاسداران و پەرلەمانتاری ئێستاش، گوتوویەتی: لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی پاردا زۆر کەس ترسابوون و پێیانوابوو کۆماری ئیسلامی دەڕووخێت، تەنانەت پەرلەمانتارانیش.
 
کەوسەری دەڵێ: کێشە هەیە، سەرکەوتن و دابەزین هەیە و پابەندنەبوون بە باڵاپۆشیش هەیە، بەڵام دەبێت قورس و قایم بەرەنگاریی بکەین.
 
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە یەکەم ساڵڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی پار، ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران گوشارەکانیان لەسەر توێژە جیاوازەکان زیاتر کردووە. لە رۆژانی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەستگیرکراون، هەروەها کەسوکاری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان گوشاریان خراوەتە سەر.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە