بەربژێرێکی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران: مووچە دەدەینە کابانی ماڵ

11-06-2021
رووداو @Rudawkurdish
رۆژی 18ی حوزەیران هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئێران بەڕێوەدەچێت
رۆژی 18ی حوزەیران هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئێران بەڕێوەدەچێت
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی گەماڕۆکانی ئەمریکاوە، ئێران بە قەیرانێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت. بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران دەڵێن، پلانی خۆیان هەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری.
 
کێشە ئابوورییەکانی ئێران بەشێکی زۆری گرێدراوە بە گۆڕانکاری لە سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئێران، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان، بەربژێرەکانی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە.
 
ئیبراهیم رەئیسی، بەربژێری نەریتخواز دەڵێت "بە کەڵک وەرگرتن لە رێکارە ئابوورییە ناوخۆییەکان، ئابووریی بەرگری و توانای زۆری وڵات، دەتوانین بەرپەرچی گەمارۆکان بدەینەوە".
 
عەبدولناسر هیمەتی، بەربژێری ریفۆمخواز ئاماژە بەوە دەکات "گەمارۆکان زیاتر لە هەر شتێکی دیکە کاریگەرییان لەسەر ئابووری داناوە".
 
ریفۆرمخوازان چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان لە سایەی سزاکانی ئەمریکاوە زۆر بە ئەستەم دەزانن، بەڵام نەریتخوازان پێیانوایە سەرەڕای گەمارۆکان، دەکرێت رەوشی ئابووری بگۆڕدرێت.
 
ئێرانییەکان ماندوون بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە، بەربژێرەکانیش ئەوەیان بە دەرفەت زانیوە و بەڵێنی گەورە بە هاووڵاتییان دەدەن، کە جێبەجێکردنی هەندێکیان ئەستەمە، بەڵام ئەوە هەڵبژاردنە و بەربژێرەکان گرەو لەسەر بردنەوە دەکەن.
 
موحسین مێهر عەلیزادە، بەربژێری ریفۆرمخواز باس لەوە دەکات "لە دوو مانگدا یارمەتییە نەختینەییەکان بۆ پێنج توێژی کەمداهات پێنج هێندە زیاتر دەکەم". موحسین رەزایی، بەربژێری نەریتخوازیش دەڵێت "پرۆژەیەکم بەناوی (ئێرانی بەبێ هەژار) هەیە، یارانە دەکەین بە 450 هەزار تمەن، مووچە دەدەینە کابانی ماڵ (ژنانی ماڵ)، کێشەی خانووبەرە چارەسەر دەکەم، 30%ی داهاتی سندووقی پیشەسازیی نەوت دەدەمە خەڵک".
 
ئەمیرحوسێن قازی زادە هاشمی، بەربژێری نەریتخوازیش ئاماژە بەوە دەکات "سندووقێک دادەنێین کە 500 ملیۆن تمەن قەرز بداتە ئەوانەی تازە هاوسەرگیری دەکەن".
 
بەڵام ئەم هەموو پارەیە لە کوێوە دێت بە خەڵک بدرێت، روون نییە. حکومەت ئێستا بە زەحمەت پارەی یارانەکان دابین دەکات، کە مانگانە 45 هەزار تمەنە، بەڵام ئەگەر تەنانەت بەشێک لەو بەڵێنانەش جێبەجێ بکرێن، کێشەی گەورەی ئابووریی لێدەکەوێتەوە، بەهای تمەن زیاتر دادەبەزێت و هەڵاوسان زیاتر دەبێت. بەڵام بازاڕی بەڵێن هێندە ئامادەیە کە سەرۆکی بانکی ناوەندیی پێشوو و بەربژێری ئێستا ئەم کارلێکە ئاساییە ئابوورییەی بیرچووەتەوە.
 
عەبدولناسر هیممەتی، بەربژێری ریفۆمخواز ئەوەی خستووەتەڕوو "لانیکەم سێ توێژی کەمداهات دەبێت مانگانە یەک ملیۆن تمەن پارەیان پێبدرێت. کێشەی نرخەکان لە نەختینەدایە، دەبێت نەختینە کۆنترۆڵ بکەین. هەوڵدەدەم هەڵاوسان لەنێوان 8% تاوەکو 12|% بێت".
 
پارەی هەندێک لەو بەڵێنانە تەنانەت زۆر زیاترە لە بودجەی یەک ساڵی ئێرانیش. بەربژێرەکان لە بەڵێنەکانیان کۆڵبەرەکانیشیان لەبیرنەکرد. ئەمیرحوسێن قازی زادە هاشمی دەڵێت "باسی کۆڵبەرەکان کرا، چاو لێبکەن، ئەمە دۆخی بێکارییە لە وڵاتی ئێمە. لە سنوورەکاندا بەرزترین رێژەی بێکاری هەیە، دۆخەکە وایلێهاتووە کە ئەو برا کوردە لەنێوان نان و گیانیدا، کۆڵبەری بکات".
 
سەعید جەلیلی، بەربژێری نەریتخواز ئاماژە بەوە دەکات "چوومەتە بانە و باشماخ، قسەم لەگەڵ کۆڵبەرەکان کردووە، دەتوانین بە کۆڵبەر بڵێین تۆ دەتوانیت ببیتە هەناردەکارێکی گەورە".
 
بەربژێرەکان چەندە توانیویانە قەناعەت بە خەڵک بکەن بڕوا بە بەڵێنەکانیان بکەن، رۆژی هەڵبژاردن دەردەکەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە