د. سادق زیباکەلام: پارێزەری ژینا ئەمینی راستگۆتر و متمانەپێکراوترە لە داد پزیشکی ئێران

09-10-2022
هیدایەت جان
د. سادق زیباکەلام، نووسەر و مامۆستای زانکۆی تاران لە ئێران
د. سادق زیباکەلام، نووسەر و مامۆستای زانکۆی تاران لە ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووسەر و مامۆستایەکی زانکۆی تاران دەڵێت، خۆپێشاندانەکان حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنی "حەپەساندووە و کەس چاوەڕوانی نەدەکرد ئەو ماوە زۆرە بەردەوام بێت." ئەو پێیوایە لە چەند رۆژی داهاتوودا "حکومەت بەرامبەر خۆپێشاندەران تووندوتیژی زیاتر دەنوێنێت" و دەشڵێت، "پارێزەری ژینا ئەمینی بە متمانەپێکراوتر و راستگۆتر و بەرپرسیارتر دەزانم تاوەکو بەرپرسانی داد پزیشکی ئێران."
 
رۆژی یەکشەممە 09-10-2022 د. سادق زیباکەلام، نووسەر و مامۆستای زانکۆ لە تارانەوە میوانی بوولتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکات و رایگەیاند، "هەرگیز پێشبینیم نەدەکرد ناڕەزایەتییەکان بەو جۆرەیان لێبێت، ئێستا سێ هەفتەیە خۆپێشاندان لە ئێران بەردەوامە، بەڵام ئەو دۆخە هەر بۆ من چاوەڕواننەکراو نەبوو، هەمووانی حەپەساندووە، هەم ئۆپۆزیسیۆن و هەمیش زۆربەی کەسایەتی و رێبەرانی دەرەوە و نێوخۆی حکومەتی حەپەساندووە."
 
ئەو نووسەر و مامۆستایەی زانکۆی تاران ئاماژەی بەوە کرد، "کەسانێک لەناو دەسەڵاتدا لەگەڵ ئەوەن بە تووندوتیژی هەڵسوکەوت لەگەڵ خۆپێشاندەران بکرێت، بەڵام روانگەیەکی دیکەش هەیە کە پێیوایە ئەگەر بە زەبری هێز خۆپێشاندانەکان دابمرکێننەوە، ئەی خۆ ساڵی 2019ش ئەو کارەیان کرد، بەڵام کێشەکە چارەسەر نەبوو و بە دەیان شێوەی دیکە ناڕەزایەتی سەریهەڵدایەوە."
 
زیباکەلام پێیوایە، "رەوتی تووندڕۆی ناو دەسەڵات کە باوەڕی وایە دەبێت تووندتر وەڵامی خۆپێشاندانەکان بدرێتەوە، لەوانەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستکراوەتر بن و زۆر بە تووندی رووبەڕووی خەڵک ببێتەوە و خەڵکێکی زۆر دەستگیر بکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەسانێک لەناو دەسەڵاتدا هەن کە پێیانوایە ئەو شێوازە وەڵامدەر نابێت و تووندی نواندن چارەسەری درێژمەودای پرسەکە نییە."
 
لەبارەی لێدوانی بەرپرسانی سەربازیی ئێران لەسەر هەرێمی کوردستان، د. سادق زیباکەلام ئاماژەی بەوە کرد، "هەر لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکان هەندێک لە بەرپرسانی ئێران هەوڵیاندا هەرێمی کوردستان پەلکێشی ناو بابەتەکە بکەن و بڵێن ئەو ئاڵۆزی و کێشانە لە گرووپە کوردە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەوانیش لە هەرێمی کوردستانن، رێی تێدەچێت بڵێین لە سنە و سەقز و مهاباد تاڕادەیەک هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن رۆڵیان هەیە، بەڵام ئەی لە تاران و نارمەک و زانکۆی پیشەسازیی شەریف و زانکۆی تاران و مەشهەد و شیراز و ئیسفەهان چۆن دەتوانین بڵێین حیزبی دیموکراتی کوردستان یان کۆمەڵە ئەو مانگرتن و ناڕەزایەتییانە بەڕێوەدەبات؟"
 
سوپای پاسداران تائێستا چەندین جار هەڕەشەی هێرشی زەوینیی بۆسەر هەرێمی کوردستان کردووە و وەکو زیباکەلام باسی لێوەکرد، "ئەگەر هێزی وشکانیی سوپای پاسداران هێرشیش بکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، تەنیا بۆ ئەوەیە کە سەرنجەکان لەسەر بابەتە سەرەکییەکە لاببات و لای لایەنگرانی ئەو وێنایە دروستبکات کە هەموو کێشەکە لە هەرێمی کوردستانەوە سەریهەڵداوە و دەبێت سەرکوت بکرێت، بەڵام زۆربەی ئەوانەی لەناو حکومەتدان، دەزانن کە ئەو بیرکردنەوەیە هەڵەیە و ئاڵۆزییەکان پەیوەندییان بە گرووپە دژبەرە کوردەکانەوە نییە کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن."
 
رۆژی هەینی 07-10-2022 داد پزیشکی ئێران راپۆرتی هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیی بڵاوکردەوە و تێیدا رەتیکردەوە کە هیچ شتێک بەر سەر یان جەستەی ژینا کەوتبێت و هۆکاری مردنەکەی گەڕاندەوە بۆ نەشتەرگەرییەک کە لە سەردەمی منداڵی بۆی کراوە. دەستبەجێ ساڵح نیکبەخت، پارێزەری کەیسی ژینا ئەمینی راپۆرتەکەی داد پزیشکی ئێرانی رەتکردەوە و سەرلەبەری بە "ساختە" ناوبرد.
 
د. سادق زیباکەلام دەڵێت، "ساڵح نیکبەخت بەر لە شۆڕشی گەلانی ئێران لەگەڵ من لە زیندان بوو، ئەو پارێزەرێکی زۆر بە شەرەف و بە باوەڕە، هیچکات بەهۆی تێبینیی سیاسی یان مەرامی سیاسی قسەی ناڕاست ناکات و نانووسێت، ئەو راپۆرتی داد پزیشکی بە دروست نازانێت. منێک کە کوردیش نیم، لەو دۆخەی ئێستا هاتووەتەپێش، کاتێک پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی شتێک دەڵێت و داد پزیشکی کۆماری ئیسلامییش شتێکی دیکە دەڵێت، من وەکو کەسی سێیەم بڕوا بە ساڵح نیکبەخت دەکەم."
 
محەممەد ساڵح نیکبەخت، پارێزەری خێزانی ژینا ئەمینی و؛ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا، دواتر ئەو راپۆرتەیان رەتکردەوە. ساڵح نیکبەخت گوتوویەتی، "ئەو بابەتەی داد پزیشکی بڵاویکردووەتەوە هیچ بنەمایەکی نییە، پزیشکانی پسپۆڕ رەتیدەکەنەوە بەهۆی لێکەوتەی نەشتەرگەرییەوە گیانی لەدەست دابێت."
 
زیباکەلام پێیوایە، "ساڵح نیکبەخت راستییەکە دەڵێت، ئەو زۆر بە متمانەپێکراوتر و راستگۆتر و بەرپرسیارتر دەزانم تاوەکو بەرپرسانی داد پزیشکی ئێران."
 
خۆپێشاندانەکان رۆژی 18-09-2022 وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر گیانلەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینی، کچێکی 22 ساڵی سەقز دەستیان پێکرد، چوار هەفتەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە