زانکۆی تاران وانەگوتنەوە لە سادق زیباکەلام قەدەخە دەکات

08-10-2022
فریا یونسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سادق زیباکەلام، مامۆستای بەشی زانستی سیاسیی زانکۆی تاران، بەهۆی هەڵوێستەکانی لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئێران و  گیانلەدەستدانی گوماناوی ژینا ئەمینی، وانەگوتنەوەی زانکۆی لێ قەدەخە کرا.
 
سادق زیباکەلام، هەواڵی دوورخستنەوەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی، "چەند رۆژە لەلایەن بەشی حەراسەت [ئەمنی] زانکۆی تارانەوە، ئەو وانەیەی بۆی دیاریکرابوو، لێی سەندراوەتەوە و دراوەتە مامۆستایەکی دیکە". دەشڵێت، سەرەڕای ئەوەی 40 خوێندکاری زانکۆی تاران، وانەی "گۆڕانکارییەکانی سەردەمی پەهلەوی"ـیان لەگەڵی هەڵبژاردووە، بەڵام چەند رۆژ پێش ئێستا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی زانستی سیاسیی زانکۆی تارانەوە پەیوەندییان پێوە کردووە و پێیان گوتووە، "حەراسەتی زانکۆی تاران وانەکەی داوەتە مامۆستایەکی دیکە و بە بەشی زانستی سیاسیی زانکۆیان راگەیاندووە، چیدیکە زیباکەلام مافی وانەگوتنەوە لەو زانکۆیەی نییە". 
 
سادق زیباکەلام لە قسەکانیدا بۆ رووداو ئاماژەی بەوەش دا، لە ساڵی 2018ـەوە خانەنشین بووە، بەڵام بەپێی ئەوەی لە بەشی زانستی سیاسیی زانکۆی تاران پێویستیان پێی بووە، کراوەتە مامۆستای تایبەت. دەشڵێت، سەرەڕای ئەوەی 4 ساڵ بەسەر ئەو بڕیارەی زانکۆدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا بڕیارەکەی زانکۆ نەچووەتە واری جێبەجێکردن و تەنیا شەش مانگ جارێک، گرێبەستەکەی درێژکراوەتەوە و پۆلەکەی لە زانکۆ تاران دیاریکراوە. 
 
بە گوتەی زیباکەلام، لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا، چەند جار سەردانی بەشی حەراسەتی زانکۆی کردووە و هەوڵیداوە پەیوەندی بە بەرپرسانی ئەو بەشەوە بکات لەسەر هۆکاری دوورخستنەوەکەی، بەڵام هیچ وەڵامێکی دیاریکراویان نەداوەتەوە. 
 
سادق زیباکەلام لە وەڵامی پرسیارێکی رووداویشدا لەبارەی هۆکاری دوورخستنەوەکەی گوتی: ئەگەری زۆرە پەیوەندی بەو هەڵوێستانەوە هەبێت کە لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا لەسەر مەرگی گوماناوی ژینا ئەمینی و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەو رووداوەوە بوویەتی، چونکە تەنیا مامۆستایەک کە دوورخراوەتەوە و وانەکەی لێ سەنراوەتەوە، ئەو بووە. 
 
دوورخستنەوەی سادق زیباکەلام لە زانکۆی تاران، لە کاتێکدایە چەند رۆژ پێش ئێستا لە لایەن زانکۆ تارانەوە، کۆبوونەوەیەک بۆ مامۆستایانی ئەو زانکۆیە لەبارەی تاوتوێکردنی هۆکاری ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئێران دانرابوو و یەک لە مامۆستایانی بەشداربوو، سادق زیباکەلام بوو. 
 
زیباکەلام ئاماژە بەو کۆبوونەوەیە دەکات و بە پێکەنینەوە بە میدیاکانی ئێرانی گوتبوو، "ئەوە شێوازی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامییە، لە هەموو ئەو کۆبوونەوانەدا کە لەماوەی 13 ساڵی رابردوودا بۆ تاوتوێکردنی قەیران و هۆکاری ناڕەزایەتییەکان رێکخراوە، منیش بانگهێشتکراوم بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆم بڵێم و تاوتوێی دۆخەکە بکەم". 
 
ئەو نووسەرە دەشڵێت، "ئەوە زۆر سەرنجڕاکێشە کە بەشێک لە نیزامی ئێران منی پێ خێرخواز و چاکسازە و بەشێکی دیکەی نیزامیش، منی پێ سەرچاوەی ئاژاوەگێڕییە و دەڵێت، 'نابێت چیدیکە وانە بڵێیتەوە' و دەبێ لە نیزام بپرسین، 'چەند زیباکەلامتان هەیە؟' "
 
سادق زیباکەلام لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ رووداو باس لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم رۆژانەی ئێران دەکات و دەڵێت، ناڕەزایەتییەکان خەریکن دەچنە چوارەم هەفتەوە و حکومەت پێی وانەبوو بەمشێوەیە پەرە بستێنێت، چونکە چەند دیاردەی زۆر گرنگ لەم ناڕەزایەتییانەدا هەن، ئەویش بەشداریکردنی خوێندکارانی زانکۆ تایبەتەکانە کە بۆ خوێندن پارە دەدەن، بەڵام ئامادەن لەو پارەیە و لە گیانی خۆشیان خۆشبن و بەشداری لە خۆپێشاندانەکاندا بکەن. بەشێکی دیکەش قوتابییانی مێرمنداڵن کە رۆژانە بەو پەڕی گەرموگوڕی دێنە سەر شەقامەکان و درووشمی تووند دژ بە حکومەت دەڵێنەوە کە بەشداریی هەردوو چینەکە تائێستا لە مێژووی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا، بێوێنە بووە و ئەوەش بە واتای ئەوەیە ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارەی خەڵک، بە قۆناخێکی دیکەدا دەڕوات. 
 
زیباکەلام دەشڵێت؛ حکومەت دەبێ سیستمی حوکمڕانی خۆی لە بنەڕەتەوە بگۆڕێت، چونکە چیدیکە ناتوانێت خەڵکی ئێران بە "درووشـم و درۆ" سەرقاڵ بکات و بڵێت، خۆپێشاندانەکان دەستی ئەمریکا، یان لایەنگرانی پاشایەتی یاخود جوداخوازانی کورد و بەلووچی تێدایە، دەبێ حکومەت سەرچاوەی قەیرانەکان بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی چارەسەری جیددییان بۆ بکات، نەک بە بیانووی جیاوازەوە سەرکوتی خواستی خەڵک بکات. 
 
بە گوتەی سادق زیباکەلام، خۆپێشاندانەکانی ئەمجارەش سەرکوت بکرێن، جارێکی دیکە سەر هەڵدەدەنەوە، چونکە خەڵک کێشەی بنەڕەتی لەگەڵ درووشم و روانگەی حکومەت هەیە. 
 
سادق زیباکەلام لەدایکبووی ساڵی 1949یە، لە تارانی پایتەختی ئێران لەدایکبووە. نزیکەی 20 ساڵە مامۆستای یاسا و زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تارانە و جگە لەوەش لە چەندین زانکۆی دیکەی ئێران لەو بوارەدا وانەی گوتووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە