بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هیوادارم بەم نزیکانە بەڕێز مەسعود بارزانی لە تاران ببینین

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیپان رۆژهەڵاتی
مووسا تەباتەبایی، بەرپرسی دۆسیەی عێراق و وڵاتانی کەنداو لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران.
مووسا تەباتەبایی، بەرپرسی دۆسیەی عێراق و وڵاتانی کەنداو لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی دۆسیەی عێراق و وڵاتانی کەنداو لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو سەردانەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ ئێران، وەڵامی سەردانەکەی پێشووی سەرۆککۆماری ئێران بوو بۆ عێراق.  
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-01-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.
 
ئەمڕۆ، مووسا تەباتەبایی، بەرپرسی دۆسیەی عێراق و وڵاتانی کەنداو لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "ئەم سەردانە وەڵامێک بوو بۆ سەردانەکەی پێشووی بەڕێز دکتۆر پزیشکیان لە مانگی سێپتێمبەری رابردوو بۆ عێراق، کە لەو سەردانەدا بۆ یەکەمجار سەرۆککۆماری ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و چەندین کۆبوونەوەی باشی لەگەڵ بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەڕێز مەسرور بارزانی و بەرپرسانی دیکەی هەرێمی کوردستان کرد".
 
تەباتەبایی هیوای خواست بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش وەڵامیان بۆ سەردانەکەی پزیشکیان هەبێت و گوتی: "هیوادارم هەروەک دڵنیام هەر وا دەبێت، هەروەک چۆن شاهیدی وەڵامی بەڕێز سوودانی بووین بۆ سەردانەکەی بەڕێز پزیشکیان، بە زوویی بەڕێز مەسعود بارزانیش لە تاران ببینین و سەبارەت بە پرسە ئابووری و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دانوستاندنی باشمان لەگەڵیدا هەبێت".
 
لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی تاراندا، جگە لە وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات، وەزیرانی وزە و ئابووریی هەردوو وڵاتیش ئامادەبوون. پەیوەندییە دووقۆڵییەکان  و بارودۆخی ناوچەکە تاوتوێکران.
 
مووسا تەباتەبایی گوتی: "یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سیاسەتی بەڕێز پزیشکیان، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق، کە پەیوەندییەکان گرنگ و بنەڕەتین."
 
سوودانی لەگەڵ سەرۆککۆمار، رێبەر و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە، پەرەپێدان و قووڵکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکان لە نێوان هەردوو وڵات یەکێک لە تەوەرەکان بوو و پرسی دووەمیش ئاسایشی ناوچەکە بوو. 
 
مووسا تەباتەبایی پێیوایە، پەیوەندییەکانی ئێران و ناوچەکە گۆڕانی بەسەردا دێت و گوتی: "ئێمە گرنگییەکی زۆر زۆر گەورە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەدەین."
 
لەبارەی ئەوەی ئایا سوودانی هیچ پەیامێکی بۆ ئێران بردووە؟ مووسا تەباتەبایی دەڵێت، "بەڕێز سوودانی، هیچ پەیامێکی تایبەتی نەهێنا، ئێمە پێویستمان بە پەیامی کەس نییە، کەناڵی دیپلۆماسیمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان هەیە و ئەگەر بمانەوێت پەیامێک ئاڵوگۆڕ بکرێت لە رێگەی دیکەوە دەکرێت، بەتایبەتی ئەگەر مەبەستتان لە پەیامی ئەمریکا بێت، کە باڵیۆزخانەی سویسرا پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەوان، لەو رێگەیەوە پەیوەندیمان هەیە و پەیامەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن."
 
تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بوون تەباتەبایی دەڵێت، "بۆ ئێمە ئاسایشی ناوچەکە، دەستوەرنەدانی وڵاتانی دەرەکی لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە تەوەرێکی سەرەکییە، کۆماری ئیسلامی پێیوایە؛ وڵاتانی ناوچەکە پێویستیان بە گەشەی ئابووری هەیە و ئەم گەشە ئابوورییە یەکێکە لە پێوەرەکانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق."
 
لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی سووریا، بەرپرسی دۆسیەی عێراق و وڵاتانی کەنداو لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "ئێمە هەمیشە گوتوومانە، دەست لە کاروباری وڵاتانی دیکە وەرنادەین، هەرچییەک خەڵکی سووریا بڕیاری لەسەر بدەن پشتیوانی لێدەکەین. هەر گۆڕانکارییەکیش رووبدات بەدواداچوونی بۆ دەکەین."
 
ژمارەیەک گرووپی چەکداری شیعە کە خۆیان بە بەرەی مقاوەمە دەزانن، بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە پشتیوانی لە ئێران وەردەگرن. تەباتەبایی لەو بارەیەوە گوتی: "یەکێک لە بنەماکانی دەستووری ئێمە، دەستوەرنەدانە لە کاروباری وڵاتانی دیکە و زۆر باوەڕمان بەمە هەیە و ئێمە لەم پرسەدا بەڕاستی دەستوەردان ناکەین." بەڵام گوتیشی: "بەرەنگاربوونەوە لە دژی داگیرکەر و داگیرکار بە مافی هەموو وڵاتان دەزانین و پشتیوانی لەوانە دەکەین کە لە دژی داگیرکاری بەرگریی دەکەن."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە