ئەلبانیا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران راگرت و دیپلۆماتەکانی ئەو وڵاتە دەردەکات

07-09-2022
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئەلبانیا تەواوی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران رادەگرێت و 24 کاژێر دەرفەت دەداتە دیپلۆماتانی ئێران تاوەکو ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
 
حکومەتی ئەلبانیا ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ی ئەیلوولی 2022 لە تیرانای پایتەختی ئەو وڵاتە باڵیۆزخانەی ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە، وەکو دژ کردەوە بە هێرشی ئەلکترۆنیی سەر دامەزراوە حکومی و ئیدارییەکانی ئەو وڵاتە، تەواوی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران رادەگرێت و دیپلۆماتکارانی ئێرانی لە وڵاتەکەی دەردەکات.
 
بەپێی هەواڵەکە، ماوەیەک پێش ئێستا هێرشی ئەلکترۆنی کراوەتەسەر دامەزراوە حکومی و ئیدارییەکانی ئەلبانیا و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، ئێران لەپشت هێرشە ئەلکترۆنییەکەوە بووە.
 
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری ئەدی راما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیاوە بڵاویکردووەتەوە، 24 کاژێر دەرفەتیان داوەتە تەواوی دیپلۆماتکار و فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەی ئێران، خاکی ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
 
تاوەکو ئێستا وەزارەتی دەرەوەی ئێران کاردانەوەی بەو بڕیارەی ئەلبانیا نەبووە، بەڵام ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێران هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەلبانیا رێگەیداوە رێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران لە خاکی ئەو وڵاتەوە دژ بە ئێران چالاکی بکات.
 
لە ساڵی 2016وە بنکەی سەرەکیی رێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران لە عێراقەوە گواستراوەتەوە بۆ ئەلبانیا و نزیکەی دوو هەزار ئەندامی موجاهیدین لەو وڵاتە نیشتەجێن. لەو کاتەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەلبانیا گرژیی تێکەوتووە.
 
پێشتر ئێران لە شەڕی کۆسۆڤۆ و بۆسنە لە دەیەی 90ی زایینی پشتگیریی لە ئەلبانیا کردبوو، بەڵام دوای ئەوەی ئەلبانیا بە فەرمی دانی بە ئیسرائیلدا نا و لە بەرەی رۆژئاوا دژی ئێران وەستا، پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە سارد بووەوە. ئەلبانیا ساڵی 2018 ئێرانی بە هەوڵدان بە هێرشی تیرۆریستی لەو وڵاتە تۆمەتبار کرد و باڵیۆزی ئەو وڵاتەی دەرکرد، بەڵام ئێران رەتیکردەوە و رایگەیاند، لەژێر گوشاری ئەمریکا و ئیسرائیل بە ناڕاست تۆمەتباری کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دایک و منداڵەکان.

دوو ساڵە خێزانێکی خەڵکی هەولێر لە ئێران گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە

خێزانێکی پێنج کەسیی خەڵکی هەولێر بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی دەچنە ئێران، دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندان لەو وڵاتە لە 2022، وڵاتینامەی ئەو خێزانە بەسەر دەچێ و ناتوانن بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان. وەزارەتی دەرەوەی عێراق و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێن: "بەدواداچوون بۆ کێشەکە دەکەین".