رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی (بەختەوەری) لە هەرێمی کوردستان، تیمێکی بە ئاڵای کوردستانەوە ناردووەتە سنووری غەززە و هاوکاری لێقەوماوانی جەنگ دەکات.
عەلی گەردی، ئەندامی تیمی رێکخراوەکە، ئەمڕۆ شەممە لە میسرەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "هاوکاری ئەو خێزانانە دەکەین ئاوارەی میسر بوون و باوک یان برایان شەهید بووە".
ئەو خێزانانەش کە نەخۆشیان هەیە و ئاوارەبوون، لەلایەن رێکخراوە کوردستانییەکەوە هاوکاری دەکرێن.
هاوکارییەکە پارە، دابینکردنی شوێن و پێدانی خۆراک دەگرێتەوە. عەلی گەردی گوتی: "زۆرینەی هاوکارییەکە پارەیە بۆ ئەوەی خێزانەکان چییان پێویست بوو خۆیان بیکڕن".
جۆری هاوکارییەکە بە گوێرەی کەیسەکان دەگۆڕدرێت؛ کەمترینی 100 دۆلارە و زۆرترین بڕی هاوکاریش 1000 دۆلارە.
رێکخراوەکە یاری بە منداڵە ئاوارەکانیش دەبەخشێت. عەلی گەردی دەڵێت: "تەواوی هاوکارییەکە لە هەرێمی کوردستان کۆکراوەتەوە؛ 80%ی دەنێرنە نێو غەززە و ئەوی دیکە بە دەستی خۆمان لەم سنوورە لەنێو میسر دەیدەینە ئاوارەکان".
دۆخی ئاوارەکانی غەززە لەنێو میسر باش نییە. عەلی گەردی دەڵێت، "ئەوانەی ئاوارەبوون جگە لە جلوبەرگی خۆیان هیچیان پێ نییە و پێویستیان بە هاوکارییە".
تیمی رێکخراوەکە نەیانتوانیوە بچێتە نێو غەززە، بەڵکو لەوێ تیمی پێکهێناوە و هاوکاری خەڵک دەکەن.
جەنگی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری رابردووەوە بەردەوامە و بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، تاوەکو ئێستا 40 هەزار و 435 کەس لە غەززە کوژراون و 93 هەزار و 534 کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها 1.9 ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ