گەڕەکی حەریک لە لوبنان؛ ئەو شوێنەی دوو ئەمیندار و چەندین بەرپرسی حیزبوڵڵای تێدا کوژران

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
هیوا جەمال
دووکەڵی بۆردوومان لە گەڕەکەکە بەرزدەبێتەوە. وێنە:  JOSEPH EID / AFP
دووکەڵی بۆردوومان لە گەڕەکەکە بەرزدەبێتەوە. وێنە: JOSEPH EID / AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتەوە، جیهان هەواڵی کوشتنەکەی بیست، ئێران لە هەمووان خەمبارتربوو، پێنج رۆژ پرسەی راگەیاندووە. ئەمینداری یەکەمی گرووپە چەکدارەکە دەڵێت، دەبێ سیخوڕەکان بدۆزرێنەوە.
 
دوای 11 کاژێر لە بۆردوومانکردنی باڵەخانە هەرە تۆکمە و نهێنییەکەی لە گەڕەکی حەریکی باشووری بەیرووت لە لوبنان، ئیسرائیل هەواڵی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حزبوڵڵای راگەیاند، دوای 14 کاژێریش حیزبەکە ئاشکرایکرد ئەمیندارەکەیان بەرکەوتووە و "شەهید بووە."
 
دەنگی بۆردوومان و بۆمبەکە تەنیا لە گەڕەکی حەریک و چەند ناوچەیەکی نزیکی بیسترا، بەڵام هەواڵی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا وەکو بۆمبێکی ئەتۆمیی گەورە، بە یەک جار هەموو جیهانی داپۆشی، هەمووان هەواڵی کوژرانەکەیان بیست و کاردانەوەی لێکەوتەوە.
 
بەر لە راگەیاندنی هەواڵەکە لەلایەن حیزبوڵڵاوە، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی گوتەیەکی کورتی بڵاوکردەوە کە ئاماژە بوو بۆ خەمباریی، بەڵام هیچی نەگوت.
 
پاش راگەیاندن، یەکەم وڵات ئێران بوو پرسەنامەی راگەیاند، پێنج رۆژی کردە پرسە لە وڵاتەکەیدا، پاشان عێراق سێ رۆژ پرسەی راگەیاند، دوای ئەوان لوبنان سێ رۆژی کردە پرسەی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا.
 
ئێران، حیزبوڵڵا و مقاوەمەی عێراقی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، جیهان ئەوە لەبیرناکات کە بڕیاری کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا لە ئەمریکاوە دەرکراوە. مەسعود پزیشکیان نەیگوت ئەمریکا بڕیاری داوە، بەڵام گوتی، لە ئەمریکاوە بڕیاری لێدراوە.
 
بنیامین ناتەنیاهوو لە ئەمریکا بوو، لەکاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکە لەوێوە چاودێریی کردووە، رەنگە مەبەستی پزیشکیان ئەو بووبێت، بەڵام قسەکەی روون نییە.
 
پاش ئەوەی پزیشکیان باسی ئەمریکای کرد، یەکەم کاردانەوەی قسەکانی، عێراقییەکانی جوڵاند، هەندێ لە لایەنگرانی حەسەن نەسروڵڵا لە ئێوارەوە بەرەو ناوچەی سەوزی بەغدا بەڕێکەوتن بەمەبەستی گەشتن بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا.
 
خۆپێشاندەران وەکو جارانی پێشوو داوای رۆیشتنی ئەمریکا و هەڵگرتنی باڵیۆزخانەکەیان کرد لە بەغدا و لەسەر خاکی عێراق، درووشمی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیلیان گوتنەوە، ئاڵای حزبوڵڵایان بەرزکردەوە.
 
ئەوە دوایین کاردانەوەی ئەو کۆمەڵە عێراقییە بوو لە بەرامبەر کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا کە لە گەڕەکی حەریکی بەیرووت، بەڵام بۆچی لە گەڕەکی حەریک، چەند سەرکردەی دیکە لەوێ کوژراون؟ 
 
گەڕەکی حەریک چییە؟
 
لانیکەم حەوت سەرکردە و رێبەری بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی لە گەڕەکی حەریکی باشووری بەیرووت کوژراون، گەڕەکێک کە بە خاڵی سفربوونەوەی حیزبوڵڵا نێودەبرێت. جگە لە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری سێیەمی حیزبەکە، عەباس موسەوی، لە ساڵی 1992 لە هەمان گەڕەک و بە هەمان سیناریۆ لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا.
 
ئەوانەی ئەم ساڵ لەو گەڕەکە کوژراون، ئەم سەرکردانەن:
 
ساڵح عارووری، 2ی کانوونی دووەم، جێگری سەرکردەی حەماس
فوئاد شوکر، 30ی تەممووز، سەرکردەی سەربازی و کەسی دووەمی حیزبوڵڵا
ئیبراهیم عەقیل، 20ی ئەیلوول سەرکردەی هێزی دەستەبژێری حیزبوڵڵا
عەلی کەرکی، 23ـی ئەیلوول، کەسی سێیەمی حیزبوڵڵا
ئیبراهیم محەممەد قوبەیسی، 24ـی ئەیلوول، سەرکردەی سەربازیی حیزبوڵڵا
محەممەد سروور، 26ـی ئەیلوول، سەرکردەی یەکەی درۆن لە حیزبوڵڵا
حەسەن نەسروڵڵا، 27ـی ئەیلوول، ئەمینداری حیزبوڵڵا

 

 
بۆچی حیزبوڵڵا لەو گەڕەکە کۆبوونەتەوە؟
 
گەڕەکی حەریک یەکێک لە گەڕەکە راقی و خۆشەکانی بەیرووتە، پێنج کیلۆمەتر لە ناوەندی بەیروەتەوە دوورە، دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی رەفیق حەریری. دانیشتووانەکەی لە کریستیان و موسڵمانی شیعە پێکهاتوون، نزیکەی 22 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی تێدایە، هیچ باڵەخانەیەکی یەک نهۆمیی تێدا نییە.
 
دوای شەڕی ئیسرائیل و لوبنان و کشانەوەی ئیسرائیل لە لوبنان، حیزبوڵڵا لەم گەڕەکە بنکەی داناوە، وەکو یەکێک لە دەستکەوتەکان و سەرکەوتنی بەسەر ئیسرائیل هەژماری دەکات.
 
لە ساڵی 2006 ئیسرائیل بە خەستی گەڕەکەکەی بۆردوومان کردووە، زۆرینەی باڵەخانەکانی خاپوور کرد، جارێکی دیکە بنیاتنراوەتەوە.
 
هەندێ سەرچاوە دەڵێن ئەو گەڕەکە لەسەر ناوی کەسێک نێونراوە کە زۆر بە جوڵە بووە، لەبەر زۆریی هاتووچۆی کۆمەڵایەتی لە شوێنەکە نێونراو حەریک.
 
چەند زانیارییەک لەسەر حەسەن نەسروڵڵا
 
حەسەن نەسروڵڵا سێیەم ئەمینداری ئەو حیزبوڵڵا بوو، عەباس موسەوی ئەمینداری پێشووی حیزبەکە ماوەی یەک ساڵ لە پۆستەکەی بوو، بە هەمان شێوەی نەسروڵڵا لە 1992 کوژرا، پێش ئەوە سوبحی تەفەیلی ئەمینداربوو، بەهۆی رەخنەکانی لە ئێران و ناڕازیبوونی لە هەندێک بابەت لە هەڵبژاردنی حیزبەکە هەڵنەبژێردرایەوە.
 
تەفەیلی ئێستا لە ژیانە، هەڵوێستی تووندی بەرامبەر ئیسرائیل هەیە، لە دوایین گوتاریدا سەری سوڕماوە لە کوشتنی ئەو هەموو ئەندامەی حیزبوڵڵا و سەرکردەی حەماس لە لوبنان و ئێران، دەڵێت: سیخوڕ لە ریزەکان هەیە، دەبێت بیاندۆزنەوە.
 
حەسەن نەسروڵڵا، لە تەمەنی 16 ساڵیدا لە نەجەف خوێندوویەتی، قوتابیی محەممەد باقر سەدر بووە، مامۆستاکەی پێگوتووە تۆ خاسیەتی سەرکردەت تێدایە، یەکێکیت لە شوێنکەوتووانی محەممەدی مەهدی.
 
بەهۆی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی عێراق، حەسەن نەسروڵڵا لەگەڵ دەیان خوێندکاری دیکەی لوبنانی لە ساڵی 1987 لە عێراق دەرکراون.
 
حەسەن نەسروڵڵا لە ساڵی 2017 لە دژی گشتپرسیی باشووری کوردستان گوتاریدا، گوتی، بە پشتیوانیی ئەمریکا و بۆ پارچەکردنی عێراق کوردەکان ئەو کارەیان کردووە، لە ساڵی 2020 لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، لە دژی هەرێمی کوردستان قسەی کردەوە.
 
نەعیم قاسم سەرکردایەتیی حیزبوڵڵا دەکات
 
لەگەڵ ئەوەی باسی زاوایەکی قاسم سولەیمانی دەکرێت بۆ جێگرەوەی حەسەن نەسروڵڵا، بەڵام ئێستا و بۆ ماوەیەکی کاتی، نەعیم قاسم کاروبارەکانی حیزبوڵڵا بەڕێوەدەبات.
 
نەعیم قاسم، تەمەنی 71 ساڵە، جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بووە، پاش کوژرانی بەشێوەی کاتی سەرکردایەتیی حیزبوڵڵا دەگرێتەدەست.
 
شێخ نەعیم قاسم، پیاوێکی شیعی دوانزە ئیمامییە، لە ساڵی 1991 بەدواوە بووە بە جێگری ئەمینداری حیزبوڵڵا، بە بنەچە خەڵکی لوبنانە، کۆلێژی پەروەردەی خوێندووە، شارەزایی و ماستەری لە کیمیا و شارەزایی زمانی فەرەنسی هەیە. باوکی شەش منداڵە و زیاتر لە 28 کتێب و چاپکراوی هەیە.
 
بەڵام ئەو کەسەی وەکو بەربژێری سەرەکیی دادەنرێت، بۆ ئەمینداری لەدوای حەسەن نەسروڵڵا، هاشم سەفیەدینە، پوورزای نەسروڵڵایە و کوڕەکەی، زاوای قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانە. 
 
سەفیەدین لە زۆر رووەوە لە نەسروڵڵا دەچێت، لە سەروسیماوە تا دەگاتە شێوازی ئاخاوتن. لە ساڵی 1994ـەوە ئامادە کراوە بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی حیزبوڵڵا بگرێتەدەست، کە ئەو کاتە تازە لە شاری قومی ئێرانەوە گەڕابووەوە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بزووتنەوەکە وەربگرێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی حەسەن نەسروڵڵا لە شەقامێکی بەیرووت هەڵواسراوە. وێنە: AFP

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی لوبنان دەکات

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بڵاویکردەوە، شەوی یەکشەممە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان بە سەردانێک دەگاتە بەیرووت و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە گفتوگۆ لەبارەی گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل دەکەن.