لە غەززە هۆشداری لەبارەی پیسبوونی ژینگە دەدرێت

28-10-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
دۆخی هاووڵاتییانی غەززە
دۆخی هاووڵاتییانی غەززە
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زۆری ژمارەی ئاوارەکان لە غەززە، خەڵکێکی زۆری ناچار کردووە روو لە کامپە بکەن و جێگەی خۆیان لەو شوێنە بچووکانەدا بکەنەوە، شارەوانیی شارەکەش بەهۆی نەبوونی سووتەمەنیی ئۆتۆمبێلەوە ناتوانێت شەقامەکان لە زبڵ و خاشاک پاکبکاتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە نەبوونی کارەبا بووەتە هۆی بێ ئاوی و هاووڵاتییانی غەززە بە ئەستەم ئاوی پاکییان دەست دەکەوێت، سێ هەفتەیە دۆخی غەززە بەمشێوەیەیە.
 
عومەر مەتەر، بەڕێوەبەری تەندروستی و ژینگە لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی غەززە، لەبارەی دۆخی کەرتەکەوە دەڵێت، "لەڕووی بەڕێوەبردنەوە شارەوانیی خان یونس لاوازە، ئەوەش بەهۆی کۆنی کەلوپەلەکانیان و نەبوونی سووتەمەنی، ئەگەر دۆخەکە بەوشێوەیە بەردەوام بێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا شارەوانی بەتەواوەتی کارەکانی دەوەستێت و کارەسات چاوەڕێی ژینگەی غەززە دەکات."
 
بەرپرسانی تەندروستیی غەززە ئاماژەیان بەوە کردووە، لەنێو ئاوارەکانی غەززە چەند جۆرێکی پەتا، نەخۆشییەکانی پێست و سکچوون و نەخۆشی دیکە بڵاوبووەتەوە.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، هۆشداری دەدەن ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت و نەتوانرێت زبڵ و خاشاکی سەر شەقامەکان پاک بکرێتەوە، رەنگە چەندین نەخۆشیی بڵاوببنەوە و دۆخی مرۆیی کەرتەکە لەدەست دەربچێت.
 
مەحمود کەنعان، دانیشتوویەکی غەززەیە، باسی دۆخی سەختی خۆیانی کرد و گوتی، "دانیشتووان تووشی سکچوون و رشانەوە بوون؛ ئێمە لە شێڵتەرەکان دەمێنینەوە، بەڵام ئەو پێداویستییانەی کە لەبەردەستن بەشی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک ناکات، خواردنەکەمان خراپە و نزیکترین W.C کیلۆمەترێک لێرەوە دوورە."
 
لە 7ـی ئەم مانگەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە دەستیپێکردووە، ئیسرائیل لەو کاتەوە بەچڕی غەززە بۆردوومان دەکات، ئەوەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی حەوت هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە