نیویۆرک تایمز: "کوردانی عێراق و سووریا" زۆرترین زانیاریان لەسەر شوێنی بەغدادی داوەتە سی ئای ئەی

28-10-2019
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن ئەبووبەکر بەغدادی
A+ A-
رووداو-هەولێر

ئەمریکا لە راوەدوونان و کووشتنی بەغدادی پشتی بە زانیارییەکانی کورد بەستووە و هەماهەنگییەکی زۆر لەنێوان هەسەدە و"کوردانی عێراق"و ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکاوە هەبووە.
 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بابەتێکی تایبەتی لەسەر ئەو لایەنانە بڵاوکردووەتەوە کە زانیاری هەواڵگرییان داوەتە ترەمپ بۆ دەستگیرکردن یاخود کووشتنی ئەبووبەکر بەغدادی.
 
چەند بەرپرسێکی هەواڵگری ئاگادار لە بابەتەکە بە رۆژنامە ئەمریکیەکەیان راگەیاندووە، دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن ترەمپەوە هەسەدە بەردەوام زانیاری لەسەر شوێنی بەغدادی داوەتە CIA .
 
بەرپرسێکی هەواڵگری بە نیویۆرک تایمزی راگەیاندووە "کوردانی عێراق و سووریا" لە هەموو وڵاتێک زیاتر زانیاری هەواڵگرییان بۆ کوشتنی بەغدادی پێشکەشکردووە".
 
ئەندازیارێکی سووری کە ماڵەکەی نزیکبووە لە شوێنی کردنە ئامانجی بەغدادی دەڵێت، خەلیفەی داعش پەنای بۆ ماڵی ئەبو محەممەد سەلما، فەرماندەی گرووپێکی دیکەی تووندئاژۆ بردووە کە بە حوراسەدین ناوی بردووە. بەڵام پەیوەندی نێوان بەغدادی و ئەو فەرماندەی گرووپە توندئاژۆکە روون نییە.
 
چوار بەرپرسی ئەمریکی قسەیان بۆ میدیای وڵاتەکەیان کردووە دەڵێن، خەریکبوو بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا لەلایەن ترەمپەوە پلانی کوشتنی بەغدادی پووچەڵبکاتەوە.
 
ئەو بەرپرسانە دەڵێن پلانەکە لانیکەم دووجار هەڵوەشایەوە، تاوەکو دواجار سێ هەفتە بەر لە ئۆپەراسیۆنەکە وەک وەزیری بەرگری ئەمریکا دەڵێت، ترەمپ گڵۆپی سەوزی هەڵکردووەو پرۆسەکەیان دەستپێکردووە.
 
ئەبووبەکر بەغدادی لە 26ی ئۆکتۆبەر و لە ئۆپەراسیۆنێکی زۆر تایبەتدا کە لەشەودا ئەنجامدراوە ، لە باکووری رۆژئاوای سووریا لە شوێنێک نزیک لە ئیدلب کوژراوە.
 
ترەمپ دەڵێت بەرلەوەی هێزەکانی ئەمریکا هەڵکوتنەسەری، بەغدادی سێ منداڵی لەگەڵ خۆی راکێشاوەتە نێو توونێلێک کە زانیوییەتی دەرچەی هەڵاتنی نییە، پشتێنە بۆمبییەکەی تەقاندووەتەوەو خۆی و منداڵەکانی کوشتووە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە