رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکی ئەمریکا لە ئیسرائیلەوە ئاشکرایکرد، دوو دەوڵەتی دیکەی موسوڵمان، بەمنزیکانە رێککەوتن و دروستکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل رادەگەیێنن.
ئاڤی نیرکۆڤیچ، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا و نێردەی ئەو وڵاتە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئیسرائیلەوە هەوڵەکانی ئەمریکای بۆ رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و دوو وڵاتی دیکەی عەرەبی راگەیاند. سوپاسی بەرپرسانی ئیماراتی کرد کە رۆڵی گەورەیان هەبووە، لە رێککەوتنەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەدا.
ئاڤی لە کۆنگرەی ساڵانەی رۆژنامەی 'جیرۆزالیم پۆست'ی ئیسرائیلدا لە تەلئەڤیڤ بەشداریکرد، پرسیاری لێکرا لەبارەی هەواڵی رۆژنامەیەکەوە کە باسی لە نزیکیی راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل، عومان و سوودان کردووە، ئەو لە وەڵامدا گوتی "کاتێک گوتمان زۆر دەوڵەتی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیلدا رێکدەکەون، بەگاڵتەمان نەبوو، ئێمە لێبڕاوانە قسە دەکەین و گاڵتە ناکەین، هەوڵی زۆر هەیە، بەڵکو هەوڵی بێوێنە دەدەین، ئامانجمان مرۆییانەیە".
ئەو زیاتر گوتی "دەستکەوتەکان لەسەرووی هەر تێڕوانینێکەوەن، کە پێشتر بۆ پرۆسەی ئاشتی هەمانبوون".
بیرۆکۆڤیچ، سوپاسی بەرپرسانی ئەبوزەبی کرد، کە رۆڵی گەورەیان لە رێککەوتنەکانی ئاشتیدا هەبووە، ئەو گوتی "سەرکردەکانی ئیمارات دەستپێشخەرییان کرد و یەکەم کەس بوون ئامادەبوون بۆ راگەیاندنی دروستکردنی پەیوەندی دەوڵەتێکی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیلدا، ئەگەر هەنگاوە بوێرەکەی ئەوان نەبووایە، ئێمە نەدەگەیشتینە ئەو ئاستەی ئێستا".
پێشتر رۆژنامەی 'معریب'ی ئیسرائیلی ئاشکرایکردبوو، هەفتەی داهاتوو رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا ئاشکرا دەکرێت، یەکەم دەوڵەتیش عومان دەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو 'جەژنی لێخۆشبوون'ە لە ئیسرائیل و پشووی ئەو جەژنە تا ناوەڕاستی هەفتە بەردەوام دەبێت، راگەیاندنی رێککەوتنەکان چەند رۆژێک دوادەکەوێت.
رۆژنامە ئیسرائیلییەکە ئاشکرایکردبوو "لە ساڵانی رابردوودا پەیوەندی نێوان عومان و ئیسرائیل گەشەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت لە تشرینی یەکەمی 2018دا، بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەنهێنی سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە و لەگەڵ سوڵتان قابووس، سوڵتانی کۆچکردووی وڵاتەکەدا کۆبووەتەوە".
رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە کە سوودان دووەم وڵاتە لە پاش عومانەوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوەش پاش گوشاری ئەمریکا لە حکومەتی کاتیی سوودان بۆ راگەیاندنی رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل، لە کاتێکدا نوێنەرانی حکومەتی کاتیی سوودان، پێیان باشبوو راگەیاندنی رێککەوتنەکە بۆ دوای دەستبەکاربوونی حکومەت و پەرلەمانی هەمیشەیی وڵات دوابخرێت.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، ئەمریکا بەڵێنی داوە ناوی سوودان لە لیستی وڵاتانی پشتگیریکاری تیرۆر دەربهێنێت کە بەهۆیەوە ئابڵووقە خراوەتە سەر وڵاتەکە، جیا لەوەش پێشبینیدەکرێت ئەمریکا هاوکاریی دارایی بە سوودان بدات، پاش رێککەوتنی لەگەڵ ئیسرائیلدا.
رێککەوتنەکانی عەرەب و ئیسرائیل لە ماوەی رابردوودا گەشەی بەرچاوی بەخۆوە بینی، بەتایبەت دوای ئەوەی لەسەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵدا، رێککەوتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل راگەیێندرا و دواتر بەحرێنیش رێککەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاند. دواتریش لە کۆشکی سپی و بەئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رێککەوتنی نێوان هەرسێ وڵات پێکەوە واژۆ کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ