رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
گوتەبێژی حوسییەکان: هێرشەکان لەڕێگەی مووشەکی بالیستی و درۆنەوە ئەنجامدراون. وێنە؛ AFP
رووداو دیجیتاڵ
حوسییەکانی یەمەن کۆگایەکی نەوتیان لە شاری جدەی سعودیە کردە ئامانج.
رۆژی هەینی 25-3-2022 یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر وێستگەکانی ئارامکۆ لە شاری جدەی رۆژئاوای سعودیە کە هاوسنوورە لەگەڵ شاری مەککە و چەند وێستگەیەکی دیکە لە ریازی پایتەختی سعودیە؛ گوتیشی کە چەند شوێنێکی دیکەش لە نێو خاکی سعودیەدا هێرشیانکراوەتە سەر.
گوتەبێژی حوسییەکان گوتیشی، هێرشەکان لەڕێگەی مووشەکی بالیستی و درۆنەوە ئەنجامدراون.
یەکێک لە هێرشەکان هەمان ئەو کۆگایەی نەوتی کردە ئامانج کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە لایەن حوسییەکانەوە کرایە ئامانج، ئەویش وێستگەی باکووری جدەیە کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شارەکە.
بەرپرسانی سعودیەش رایانگەیاند "ئۆپەراسیۆنێکی دووژمنکارانە" کراوەتە سەر کۆگاکە، هاوکات هیچ ئاماژەیان بە جۆری ئەو مووشەکانە نەدا کە هێرشەکەی پێ ئەنجامدراوە.
سعودیە سەرۆکایەتیی هاوپەیمانییەک دەکات بەناوی هاوپەیمانیی عەرەبی و دژی حوسییەکان شەڕ دەکات کە بەشێکی زۆری یەمەنی لەژێر کۆنترۆڵدایە و تۆمەتی ئەوە دەدرێتە پاڵ ئێرانیش کە یارمەتی ئەو هێزە دەدات.
بەرپرسانی سعودیە و کۆمپانیای ئارامکۆ هیچ لایەنێکیان بە ئاگرکەوتنەوەکە تۆمەتبار نەکردووە، بەڵام پێشتر حوسییەکانی یەمەن بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کێڵگەی نەوتی و ژێرخانی ستراتیژیی گرنگی سعودیەیان کردووەتە ئامانج.
شاری جدە یەک لەسەر چواری کۆی سووتەمەنی بۆ وەگەڕخستنی وێستگەیەکی ناوچەکە بۆ دابینکردنی ئاو دابیندەکات.
دەقی لێدوانی یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان
"هێزە چەکدارەکانی یەمەن بە پشتیوانیی خودا سێیەمین ئۆپەراسیۆنی تێکشکاندنی گەمارۆیان ئەنجامدا، ئەوەش لە رێگەی مووشەکی بالیستی و درۆنەوە. ئەوانیش بەمشێوەیە ئەنجامدران: دامەزراوەکانی ئارامکۆ لە جدە و ژمارەیەک دامەزراوەی دیکە لە ریازی پایتەختی سعودیەی دووژمن لە رێگەی مووشەکی پەڕدارەوە کرانە ئامانج. پاڵاوگەکانی رەئس تەنوورە و رابیغ بە ژمارەیەکی زۆری درۆن کرانە ئامانج. هەروەها وێستگەکانی ئارامکۆ لە جازان و نەجران بە ژمارەیەکی زۆری درۆن کرانە ئامانج. چەند ناوچەیەکی گرنگی جیاواز لە جازان، زەهران ئەلجنووب، ئەبها و خەمیس موشەیت بە ژمارەیەکی زۆری مووشەکی بالیستی کرانە ئامانج."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ