رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی لە هەوڵەکانی ناوەستێت تاوەکو هەموو بارمتەکان ئازاد دەکرێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "جەنگی ئێمە دژی حەماسە، نەوەک خەڵکی غەززە."
رۆژی شەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2023، دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تەلئەڤیڤ گوتی، "49 رۆژ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی 7ـی ئۆکتۆبەردا تێپەڕی. حەماس دژی ئیسرائیل جەنگی راگەیاند. ئەمڕۆ یەکەم رۆژە کە بارمتەکان ئازاد کراون و شەڕمان دژی تیرۆریستە دڕندەکانی حەماس راگرتووە، بەڵام ناوەستین تاوەکو حەماس لەنێودەبەین."
گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل گوتیشی، "پشوو نادەین تاوەکو هەموو بارمتەکان ئازاد دەکەین؛ هەرگیز ئەو کۆمەڵکوژییەی حەماس لەبیرناکەین کە لە حەوتی ئۆکتۆبەردا ئەنجامی دا و ئەرکی ئێمەیە نەهێڵین جارێکی دیکە ئەوە رووبداتەوە."
رۆژی 24-11-2023، حەماس یەکەم گرووپی بارمتەی ئازادکرد کە 24 کەس بوون؛ 13ـیان ئیسرائیلی، 10 تایلاندی و ئەوی دیکەیان فلیپینی بوو؛ هەروەها ئیسرائیل 39 ژن و منداڵی فەلەستینی ئازادکرد.
ئەوە یەکەمین رێککەوتنی لەو جۆرە بوو لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بکرێت، دوای ئەوەی 7ی تشرینی یەکەم جەنگی نێوانیان دەستیپێکرد.
رۆژی 23-11-2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "پابەندین بە رزگارکردنی هەموو بارمتەکان، بەڵام بەردەوامیش دەبین لە بەجێگەیاندنی ئامانجەکانمان کە بریتییە لە لەنێوبردنی هەمیشەیی حەماس. ئەگەر حەماس لەنێونەبرێت، ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان و وڵاتانی عەرەب هەرگیز سەرناگرێت."
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەمان گوتەی دووپاتکردەوە کاتێک رۆژی هەینی گوتی، "شەڕ بۆ ماوەیەکی کورت دەوەستێت و دواتر بە هەموو هێزی سەربازیمانەوە دەست بە ئۆپەراسیۆن دەکەینەوە.'' جەختیشی کردەوە لەوەی "تاوەکو ئامانجەکانمان بەدەستنەهێنین، ناوەستین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ