سەڵاحەدین دەمیرتاش گەیشتە رووسیا

23-12-2015
محەممەد ئیسماعیل
نیشانەکردن دەمیرتاش مۆسکۆ
A+ A-

رووداو - مۆسکۆ

هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و، لەلایەن ژمارەیەک بازرگانی کورد لەو وڵاتە لە فڕۆکەخانە پێشوازی لێکرا.

شەوی رابردوو، هەریەك لە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە، کاموران یوکسەک، هاوسەرۆکی دەبەپە DBP و نازمی گور، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی هەدەپە گەیشتنە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا.

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 23-12-2015 دەمیرتاش لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆببێتەوە و دوای کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ساز دەکەن.

دەمیرتاش بەشداری لە کردنەوەی "رێکخراوی بازرگانانی کورد لە رووسیا" دەکات.





پێشتر دەمیرتاش رایگەیاندبوو، لەگەڵ لاڤرۆڤ لە مۆسكۆ كۆدەبێتەوە، كە ئەجێندای كۆبوونەوەكەیان ئاڵۆزییەكانی نێوان توركیا و رووسیا دەبێت.

دەمیرتاش راشیگەیاند، هەدەپە دەیەوێت لە مۆسكۆ ئۆفیسی سەرەكی پارتەكەی بكاتەوە.

ئەو سەردانەی دەمیرتاش بایەخێكی گرنگی لە میدیاكان پێدەدرێت، ئەوەش بەهۆی ئاڵۆزییەكانی نێوان حكومەتی توركیا و رووسیا بەهۆی خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی رووسیی لەلایەن سوپای توركیا، كە وایكرد، پەیوەندییەكانی ئەنكەرە و مۆسكۆ بگاتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.

سەردانەكەی دەمیرتاش بۆ مۆسكۆ لەكاتێكدایە، سەرەتای ئەم مانگە سەردانی واشنتنی پایتەختی ئەمریكای كرد.

پارتی دیموكراتی گەلان HDP خاوەنی 59 كورسیی پەرلەمانی توركیایە، بەوەش سێیەم گەورەترین پارتی نێو پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە، ئێستا هەدەپە وەك ئۆپۆزیسیۆن كار دەكات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە