38 فیلم پێشبڕکێ بۆ خەڵاتی هەتاوی زێڕینی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی – مۆسکۆ دەکەن

25-08-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی – مۆسکۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی – مۆسکۆ، به به‌شداری به‌رهه‌می سینه‌ماکارانی کورد لە 12 چوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆرا، له 18 تا 22ـی ئه‌یلوولی 2024 لە مۆسکۆی رووسیا بەڕێوەدەچێت و بەڵگەفیلمێکی رووداو پێشبڕکێ بۆ بردنەوەی باشترین بەڵگەفیلمی درێژ دەکات.
 
له فێستیڤاڵەکەدا 38 به‌رهه‌م له دوو به‌شی پێشبڕکێدا بەشدارن، ئەویش؛ به‌شی پێشبڕکێی فیلمه درێژەکانە کە حەوت فیلمی سینه‌مایی و هەشت به‌ڵگه‌فیلمی درێژ لەخۆدەگرن، هه‌روه‌ها له به‌شی پێشبڕکێی کورته فیلمه‌کان، 14 کورته فیلم و نۆ کورتە به‌ڵگه‌فیلم بەشدارن و کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی کریستاڵیی "هەتاوی زێڕین" دەکەن.
 
خەڵاتەکە ستایلێکی کریستاڵییە، به هێمای هەتاوی زێڕین و له پێنج به‌شدا پێشکێش دەکرێت، ئەویش: باشترین فیلمی درێژ، باشترین بەڵگەفیلمی درێژ، باشترین کورتە فیلم، باشترین کورتە بەڵگەفیلم و هەروەها خەڵاتی هاوبه‌شی سینه‌مای کوردی.
 
بەرپرسانی چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی – مۆسکۆ، لە راگەیێندراوێکی رۆژنامەوانیدا کە کۆپییەکی بۆ رووداو نێردراوە، رایانگەیاند: "ئه‌مساڵ فێستیڤاڵی فیلمی کوردی - مۆسکۆ، به شێوه‌ی گشتیی تیشکی خستووەته‌ سه‌ر گوتوبێژی نێوان کو‌لتووری و هاوکاریی له‌گه‌ڵ رووسیا. ئه‌م فێستیڤاڵه له درێژه‌ی نه‌ریتی ساڵانی رابردوو، به‌ ناونیشانی به‌شێک له ئاڵووگۆڕیی فه‌رهه‌نگی، دیسانه‌وه فیلمسازان و لایه‌نگرانی سینه‌ما له سه‌رتاسه‌ری جیهان له یەکدی کۆده‌کاته‌وه تاوەکو پێکه‌وه شاکاره راسته‌قینه‌کانی سینه‌مای کوردی پێشکهێش بکه‌ن. جوگرافیای به‌شدار‌بووان زۆر جۆراوجۆرن، به‌رنامه‌کانی فێستیڤاڵ، فیلمه‌کان له 12 وڵات و هەرێمی جیهان، له‌وانه؛ هه‌رێمی کوردستان، فەره‌نسا، عێراق، تورکیا، ئێران، سووریا، هۆڵه‌ندا، به‌لژیکا و دانیمارک له خۆده‌گرێت. هەروەها تیشک دەخرێتە سەر فیلمه‌کانی سه‌باره‌ت به ئیزه‌دییه‌کان و ئاینی کۆنی میزۆپۆتامیا".
 

له به‌شی پێشبڕکێی فیلمه درێژەکاندا له‌وانه؛ فیلمی ئه‌زموونی "موسڵ، ماڵی منه" که پیاسه‌یه‌کی تێروته‌سه‌له به ناو داڕمانی شاری موسڵه و له هه‌وڵدایه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌کانی دوای شه‌ڕ و هه‌روه‌ها وزه‌ی شار و دانیشتوانی چه‌ند نه‌ته‌وه‌‌یه‌ک نیشان ده‌دات، درامای "غه‌ریبانه له‌م خۆشبه‌ختییه ده‌ڕوانم"، درامای مێژوویی "1988"‌ باس له کاره‌ساتی دڵته‌زێنی بۆردوومانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه له گەرمه‌ی شه‌ڕیی نێوان عێراق و ئێران دەکات. 
 

یەکێکی دیکە لە فیلمە بەشداربووەکان، فیلمی "ئه‌سپ"ـە، سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌کانی قاره‌مانێکه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌که‌ی، دوای رووخانی رژێمی به‌عسی سه‌دام حوسێن و درامای "مێسیی به‌غدا" سه‌باره‌ت به‌ کوڕێکی ته‌مه‌ن ده ساڵانه که قاچێکی لەدەستداوە، باسی ئه‌زموونی تامه‌زرۆیی ئه‌و بۆ یاریی تۆپی پێی له عێراقی دوای شه‌ڕدا دەکات. 
 

هه‌روه‌ها فیلمی "مه‌هسا پێکه‌نی" سه‌باره‌ت به کۆچ به ناونیشانی رێگایه‌ک بۆ رزگاربوون له گرفته‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینییه‌کانه و فیلمی "رۆژ باش" بەشدارن کە چیرۆکی هه‌وڵ و تێکۆشانی ئه‌کته‌رانی شانۆی کوردستان بۆ دووبارە پێشکێشکردنی شانۆیه‌ک ده‌گێڕێته‌وه که 25 ساڵ بەر لە ئێستا، رێگری له نمایشکردنی کرابوو.
 
لە به‌شی پێشبڕکێی به‌ڵگه‌فیلمه درێژەکاندا، ئه‌و بەڵگەفیلمانه له خۆده‌گریت که دیمه‌نی بواره جۆراوجۆره‌کانی ژیانی کورد بە بینەر پێشان دەدات، له‌وانه "کچانی خۆر" لە دەرهێنانی رێبەر دۆسکی که چیرۆکه‌که‌ی سه‌باره‌ت به هه‌وڵی ژنان و کچانی کوردی ئیزه‌دییه بۆ بووژانه‌وه‌ی ژیانی خۆیان که له لایه‌ن داعشه‌وه رفێندرابوون. فیلمی "کوشتن و بڕین له بیابان" سه‌باره‌ت به هێرشی رژێمی به‌عسه بۆ سه‌ر گوندی دووکان و فیلمی "بۆ عه‌داڵه‌ت" کە هەوڵی رۆژانه‌ی دایکێک بۆ ئازادی کوڕه‌ زیندانییەکەی دەخاتەڕوو.
 

هەر لەم بەشەدا، چەند بەڵگەفیلمێکی دیکە بەشدارن، ئەویش بەڵگەفیلمی "هیواکان لە درەختەوە" کە پاڵه‌وانه‌که‌ی بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌ست و پێیان له ده‌ست داوه، پڕۆتێزیان له دار بۆ دروست ده‌کات، "هۆنیاوانانی چیا پیرۆزه‌کان" باسی چیرۆکی سه‌فه‌ری ژه‌نیارێکه له رێگەی مێژوو و ئه‌فسانه‌کانی ئامێری عیرفانی و ته‌نبوور، ژیاننامه‌ی "مسته‌فا پاشای یاموڵکی، خه‌باتکاری عه‌داڵه‌‌ت" سه‌باره‌ت به ژیانی ئه‌فسه‌رێکی پله‌داری کورده که له‌ ساڵانی 1919-1920 ده‌بێته سه‌‌رۆکی دادگەی عوسمانی له تورکیا، "پۆرتره‌ی په‌نابه‌رێک" سه‌باره‌ت به چالاکڤانێکی مه‌ده‌نی ـ سیاسی کورده بۆ ئازادی نیشتمان، ناچار ده‌بێت فیداکاریی زۆر بکات و فیلمی "رووباری خه‌مبار" سه‌باره‌ت به گۆرانیبێژێکی ناسراوی کوردستانه که بۆ رزگاریی نیشتمان‌، به هونه‌ره‌که‌ی خۆی ساڵانێکی زۆره خه‌باتی کردووه.       
 
لە به‌شی پێشبڕکێی کورته فیلمه‌کان، 14 فیلم له هه‌رێمی کوردستان، عێراق، ئێران، تورکیا، سووریا و که‌نده‌دا بەشدارن، بەرهەمەکان درامای سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی لەخۆدەگرن، هه‌روه‌ها ئه‌و فیلمانه‌ن که مژاری توندوتیژیی، له‌سێداره‌دان و تراژیدیا له رێگەی هونه‌ره‌وه دەخەنەڕوو. 
 
لە به‌شی پێشبڕکێی کورتە به‌ڵگه‌فیلمەکان، له‌وانه؛ نۆ بەرهەمی هەرێمی کوردستان، عێراق، تورکیا، ئێران و فەره‌نسا بەشدارن، ناوەڕۆکی زۆربەیان لەبارەی گرفته‌کانی ژنان و تووندوتیژیی دژی ژنە، هه‌روه‌ها مژاری سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و کو‌لتووری کوردستان لەخۆدەگرن.   
 
ناوی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که چوونه‌ته قۆناغی کۆتایی به‌شی پێشبڕکێی فیلمه درێژەکان، هه‌روه‌ها به‌شی پێشبڕکێی کورته فیلمه‌کان، له چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" بریتین له: 
 
فیلمی "موسڵ، ماڵی منه" له ده‌رهێنانی عه‌داڵه‌ت گه‌رمیانی، "غه‌ریبانه له‌م خۆشبه‌ختییه ده‌ڕوانم" له ده‌رهێنانی سینا محه‌ممه‌د و "1988" له ده‌رهێنانی هه‌ژوان زه‌ندی، له هه‌رێمی کوردستان لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە درێژەکان کێبڕکێ دەکەن. 
 
بە هەمان شێوە، فیلمی "رۆژ باش" له ده‌رهێنانی ئۆزکان کۆچۆک لە باکووری کوردستان، "ئه‌سپ" له ده‌رهێنانی مەهدی ئه‌حمه‌دی له رۆژهەڵاتی کوردستان، "مه‌هسا پێکه‌نی" له ده‌رهێنانی میهران شیری له رۆژهەڵاتی کوردستان، "مێسیی به‌غدا" له ده‌رهێنانی سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه، دەرهێنەری کورد و بەرهەمی عێراق و به‌لژیکا، لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە درێژەکان پێشبڕکێ دەکەن.
 
لە بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلمە درێژەکان، "هیواکان لە درەختەوە" له ده‌رهێنانی حه‌یده‌ر ده‌میرتاش، "مسته‌فا پاشای یاموڵکی، خه‌باتکاری عه‌داڵه‌‌ت" له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی هۆرێن غه‌ریب و هه‌ردی قادر له هه‌رێمی کوردستان، "کچانی خۆر" له ده‌رهێنانی رێبه‌ر دۆسکی، دەرهێنەری کورد له هۆڵه‌ندا، "پۆڕتره‌ی په‌نابه‌رێک" له ده‌رهێنانی پێژمان موکاری له دانیمارک، "بۆ عه‌داڵه‌ت" له ده‌رهێنانی ئێلیف ئێگیت له باکووری کوردستان، "رووباری خه‌مبار" له ده‌رهێنانی زانا نه‌وزاد له هه‌رێمی کوردستان، "هۆنیاوانانی چیا پیرۆزه‌کان" له ده‌رهێنانی فه‌رید ئێلهامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و "کوشتن و بڕین له بیابان" له ده‌رهێنانی نه‌به‌ز ئه‌حمه‌د له هه‌رێمی کوردستان.
 

لە به‌شی پێشبڕکێی کورتە به‌ڵگه‌فیلمەکاندا، بەڵگەفیلمی "حه‌بیبوڵڵا" له ده‌رهێنانی عه‌دنان زه‌ندی له رۆژهەڵاتی کوردستان، "لیلی لی" له ده‌رهێنانی مه‌حموود چێکموکی له فەره‌نسا، "نیشتمانی ژنانی نێژراو" له ده‌رهێنانی رێکه‌وت حه‌مەتۆفیق له هه‌رێمی کوردستان، "دارتاش" له ده‌رهێنانی خه‌لیل سه‌حراگه‌رد له رۆژهەڵاتی کوردستان، "ئافره‌ت" له ده‌رهێنانی میکائیل ره‌حمانی" له رۆژهەڵاتی کوردستان، "ئه‌وان له‌سه‌ر زه‌ویی ..." له ده‌رهێنانی هاروون یێل لە باکووری کوردستان، "شنه‌با‌ی کوێستان" له ده‌رهێنانی محه‌ممه‌د فه‌ره‌ج‌زاده له رۆژهەڵاتی کوردستان، "ژنان له‌ کوێره‌دێیه‌کان" له ده‌رهێنانی بڵند عه‌لی عه‌زیز و "ئه‌ستێره‌ی سه‌ر زه‌وی" له ده‌رهێنانی بێریڤان سارۆخان له باکووری کوردستان.
 
لە به‌شی پێشبڕکێی کورته فیلمەکاندا، کورتەفیلمی "رزگاربوون" له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی میلاد مه‌جیدئابادی و پێدڕام هۆمایوون‌نیژاد، "تاپۆ" له ده‌رهێنانی محه‌ممه‌د ده‌روێشی، "کۆچ" له ده‌رهێنانی سه‌رکه‌وت نیکدڵ، "سورا" له ده‌رهێنانی ئه‌وینار مه‌ولایی، "ژان" له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی بورهان ئه‌حمه‌دی و له‌یلا باغپیرا، "سه‌ما بۆ ئازادی" له ده‌رهێنانی سالم سه‌ڵه‌واتی و "خه‌ون" له ده‌رهێنانی سامان حوسێن‌پوور له رۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها کورتەفیلمی "سێو" له ده‌رهێنانی محەممەد ئاکرۆک لە باکووری کوردستان، "ده‌نگهه‌ڵات" له ده‌رهێنانی فریا یونسی له هه‌رێمی کوردستان، "تریوێت" له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی عه‌بدولڕ‌‌حیم کارابۆلۆت و مه‌حسوون سێلائێر له باکووری کوردستان، "شوان" له ده‌رهێنانی سه‌رحه‌ت نه‌ریمان له هه‌رێمی کوردستان، "سێبه‌ر" له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی محێدین مامۆ ئه‌رسلان و مه‌حموود خه‌لیل چه‌کمه‌کی له رۆژئاوای کوردستان، "ساڵ" له ده‌رهێنانی سیروان ته‌خت فیرووزه له که‌نه‌دا و "وته‌ی کۆتایی" له ده‌رهێنانی محه‌ممه‌د که‌میل مه‌حموود له هه‌رێمی کوردستان کێبڕکێ دەکەن. 
 
چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی - مۆسکۆ (MKFF) بە سه‌رۆکایه‌تی کەرەم گەردەن زەری، ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناسراوی کورد، بە بەرپرسیاریی خاتوو گولیزەر گەردەن زەری، ئینا تێدژۆڤا به مه‌به‌ستی رەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌وانی کورد و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوەیە، بە نمایشی کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌می به‌شی پێشبڕکێی فیلمه درێژەکان، به‌شی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم، به‌شی پێشبڕکێی کورتە فیلم، به‌شی شه‌وی سینه‌مای کوردی، به‌شی نمایشی باشترین فیلمه‌کانی رووسیا‌ و پێشانگای که‌لتووری و هونه‌ری بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە