رووداو دیجیتاڵ
خه‌ڵاته‌کانی به‌شه جۆراوجۆره‌کانی پێشبڕکێی چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ ناسێندران، فیلمی سینه‌مایی "ئه‌سپ" خه‌ڵاتی باشترین فیلمی سینه‌مایی به‌ده‌ستهێنا و بەڵگەفیلمێکی تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشرا.
رێوڕه‌سمی کۆتایی فێستیڤاڵەکە بە ئاماده‌بوونی سەرۆک و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شه جۆراوجۆره‌کانی پێشبڕکێی، له‌وانه؛ پێشبڕکێی فیلمه بڵندەکان، بەڵگەفیلم، کورتە فیلم، کوردانی دانیشتووی رووسیا، به پێشکێشکاریی ئاندرێی بیرین، ئه‌کته‌ری شانۆ و سینه‌مای رووسیا، له سینه‌ما "پارک مۆسفیلم" لە مۆسکۆی رووسیا بەڕێوەچوو.
براوه‌ی به‌شه جۆراوجۆره‌کانی پێشبڕکێی ناسێندران و خەڵاتی "هەتاوی زێڕین" و خەڵاتی رێزلێنان له پێنج به‌شی جۆراوجۆردا، له‌وانه؛ باشترین فیلمی بڵندی، باشترین بەڵگەفیلمی بڵند، باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی، باشترین بەڵگەفیلمی کورت و خەڵاتی پشتیوانی له سینه‌مای کوردی پێشکێش به براوه‌کان کرا.
له دەستپێکی رێوڕەسمی کۆتایی فێستیڤاڵدا، کاسیمه ئاڤدۆ، ژ‌ه‌نیاری کوردی دانیشتووی رووسیا، گوڵبژێرێک لە ئاوازە کوردییەکان بە ئامێری نەی پێشکێش‌کرد.
گولیزەر گەردەن زەری، گوتارێکی پێشکێش‌کرد و گوتی: "یه‌کێک له گرینگ‌ترین ئه‌رکه‌کانی فێستیڤاڵه‌که‌ی ئێمه ره‌خساندنی که‌ش و هه‌وای گفتوگۆ، ئاڵووگۆڕیی زانست و ئه‌زموونی که‌لتوورییه. من ره‌زامه‌ندیی زۆرم له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامه‌کانی ئه‌مساڵ هه‌یه. ئه‌م ئامانجانه‌ی ئه‌مساڵ بۆ خۆمان دیاریمان کردبوو؛ هاته‌دی. گرینگتر له هه‌موو ئه‌مانه، ئه‌وه بوو که میوانان و بینه‌ران، به‌رنامه‌کانی فێستیڤاڵیان بەلاوە باش بوو".
گوتیشی: "ئێمه هه‌نگاوێکی گرینگی دیکه‌مان له پێشوازیی گشتی له سینه‌مای کوردی بینی. سینه‌مای کوردی رۆژ لە دوای رۆژ، زیاتر ده‌ناسرێت و باشتر له رابردوو ده‌ناسێندرێت، ئه‌وه بۆ ئێمه زۆر گرینگه".
یه‌که‌مین خه‌ڵاتی چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ، له لایه‌ن ئاژانسی تۆریی میدیایی پشتیوان و سپۆنسه‌ری فێستیڤاڵ پێشکێش به ئه‌کته‌ری کورد به‌ختیار په‌نجه‌یی، بۆ رۆڵبینین له کورته فیلمی "تاپۆ" له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان کرا.
براوه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی فیلمه سینه‌ماییه‌کان
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌ریی به‌شی پێشبڕکێی فیلمه بڵنده سینه‌ماییه‌کان، بریتین له: ماکسیم دۆبرۆمیسلۆڤ، به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمه و درامای رووسی وەک سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، بە ئەندامیەتی ئانجلینا نیکۆنۆڤا، ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ری رووسی و لیانکا گریۆ، ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ری رووسی، دەنگدانیان بەم شێوەیە بوو، رێزلێنانی تایبەت بەخشرایە فیلمی بڵندی "مووسڵ، ماڵی منه" له ده‌رهێنانی عه‌داله‌ت گه‌رمیانی، له باشووری کوردستان.
رێزلێنانی تایبەتی باشترین ئه‌کته‌ری ژن لەم به‌شەدا، بەخشرایە په‌روین ره‌جه‌بی بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "غه‌ریبانه له‌م خۆشبه‌ختییه ده‌ڕوانم" له ده‌رهێنانی سینا محه‌ممه‌د، له باشووری کوردستان.
خەڵاتی "هەتاوی زێڕین"ـی باشترین فیلمی بڵند، بەخشرایە فیلمی "ئه‌سپ" له ده‌رهێنانی مەهدی ئومێد، له باشووری کوردستان، بەرهەمی 2005.
براوه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی به‌ڵگه‌فیلمه بڵنده‌کان
ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دادوه‌ریی به‌شی پێشبڕکێی به‌ڵگه‌فیلمه بڵنده‌کان، بریتین لە له ئێڤان بۆلۆتنیکۆڤ ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر رووسی، وەک سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، بە ئەندامیەتی تۆماس سیدریس رۆژنامەڤان، توێژه‌ر و ده‌رهێنه‌ری یۆنانی و مزگێن ئه‌رسلان، رۆژنامەڤان و دیکۆمێنتسازی کورد له به‌ریتانیا؛ دەنگدانیان بەم شێوەیە بوو: رێزلێنانی تایبەت بەخشرایە به‌ڵگه‌فیلمی بڵندی "رووباری خه‌مبار" له ده‌رهێنانی زانا نه‌وزاد مه‌حموود، له باشووری کوردستان و بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداو.
خەڵاتی "هەتاوی زێڕین"ـی باشترین بەڵگەفیلمی درێژ بەخشرایە بەڵگەفیلمی "کچانی خۆر" له ده‌رهێنانی رێبه‌ر دۆسکی، دەرهێنەری کورد و دانیشتووی هۆڵەندا.
براوه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی کورته فیلمه چیرۆکییه‌کان
ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دادوه‌ریی به‌شی پێشبڕکێی کورته فیلمه چیرۆکییه‌کان لە فێستیڤاڵ، بریتین له ئێلێنا گلیکمه‌ن، به‌رهه‌مهێنه‌ری رووسی، وەک سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، بە ئەندامیەتی فیکری بەڕۆژی، دەرهێنەر و به‌رهه‌مهێنه‌ر لە باشووری کوردستان و نه‌وزاد شێخانی، ده‌رهێنه‌ری کوردی ئیزه‌دیی دانیشتووی ئه‌ڵمانیا و دەنگدانیان بەم شێوەیە بوو، رێزلێنانی تایبەتی لیژنه‌ی دادوه‌ری بەخشرایە کورته فیلمی "سێ‌و" له ده‌رهێنانی محەممەد ئاکرۆک لە باکووری کوردستان، کورته فیلمی "سورا" له ده‌رهێنانی ئه‌وینار مه‌ولایی له رۆژهەڵاتی کوردستان.
رێزلێنانی تایبەت بەخشرایە مریه‌م بووبانی، ئه‌کته‌ری کورد بۆ رۆڵبینینی له کورته فیلمی "کوڕ" له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان. خەڵاتی "هەتاوی زێڕین"ـی ئه‌و به‌شه، بەخشرایە کورته فیلمی "تریوێت" له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی عه‌بدولڕە‌حیم کارابۆلۆت و مه‌حسوون سەلایر له باکووری کوردستان.
براوه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی به‌ڵگه‌فیلمه کورته‌کان
ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دادوه‌ریی به‌شی پێشبڕکێی به‌ڵگه‌فیلمه کورته‌کان، بریتیین له: لوقمان سوخه‌نوه‌ر، مۆنتێر له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، وەک سه‌رۆکی لیژنه‌ی دادوه‌ران، رووگه‌ش کیریچی، ئه‌کته‌ر، ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ر له باکووری کوردستان، شێرۆ هینده، ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له رۆژئاوای کوردستان؛ دەنگدانیان بەم شێوەیە بوو، خەڵاتی "هەتاوی زێڕین"ـی ئه‌م به‌شه، بەخشرایە به‌ڵگه‌فیلمی کورت "دارتاش" له ده‌رهێنانی خه‌لیل سه‌حراگه‌رد، له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
خەڵاتی پشتیوانی له سینه‌مای کوردی
خه‌ڵاتی پشتیوانی له سینه‌مای کوردی، له لایه‌ن کەرەم گەردەن زەری، سەرۆکی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ، به هونه‌ر سه‌لیم، دەرهێنەری ناسراوی کورد به‌خشرا.
چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ، بە سه‌رۆکایه‌تی کەرەم گەردەن زەری، ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناسراوی کوردی دانیشتووی رووسیا، بە بەرپرسیاریەتی گولیزەر گەردەن زەری و بە پێشاندانی به‌رهه‌می فیلمسازانی کورد لە چوار پارچەی کوردستان، فەره‌نسا، هۆڵه‌ندا، به‌لجیکا، دانیمارک، له رۆژانی 18 تا 22ـی ئه‌یلوولی 2022 لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو، تۆڕی میدیایی رووداو، هاوبەشی میدیایی ئەو رووداو هونەرییە بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ