نەتەنیاهوو پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسرائیل رادەگەیێنێت

22-12-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسرائیل رادەگەیێنێت، بەوەش وەکو سەرکردەی راستڕەوترین هاوپەیمانێتی لە مێژووی ئیسرائیلدا دەگەڕێتەوە دەسەڵات.
 
لەدوای هەڵبژاردنەکانی 1ی تشرینی دووەم، بنیامین نەتەنیاهۆ بە پاڵپشتیی پارتە جووە ئۆرسۆدۆکسەکان و هاوپەیمانییەکی ئەوپەڕی راستڕەو کورسیی پێویستیی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ مسۆگەر کرد.
 
رۆژی 11ی ئەم مانگە ئەو وادەیە تەواو بوو کە لەبەردەم بنیامین نەتانیاهوو بوو بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنێکی پێکهێنەرانی کابینەکە، وادەکە بۆ 10 رۆژی دیکە درێژکرایەوە.
 
تاوەکو نیوەشەوی 21ی مانگ نەتەنیاهوو کاتی هەبوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ؛ چەند خولەکێک پێش کۆتاییهاتنی وادەکە، راگەیێندراوێک لە نووسینگەی نەتەنیاهوو گوتی، سەرکردەی پارتی لیکود ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیلی ئاگادار کردەوە بەوەی "توانیویەتی حکومەت پێکبهێنێت."
 
راگەیێندراوەکە پشتڕاستیکردەوە کە پارتە راستڕەوەکەی نەتەنیاهوو کە ناوی لیکودە، بە هاوبەشی لەگەڵ پارتە ئۆرسۆدۆکسە تووندڕەوەکان و ئەندامانی هاوپەیمانیی زایۆنیزمی ئاینی حکومەت بەڕێوەدەبەن.
 
تاوەکو ئێستا روون نییە کەی حکومەتی نوێ سوێندی یاسایی دەخوات، بەڵام بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانە نوێیەکە و هێرزۆگ بەنیازن "بە زووترین کات" ئەوە بکەن. بەڵام، دەشکرێت بەهۆی پشووی جەژنی هانیکای جووەکانەوە دوابخرێت.
 
لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل، لە 1ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، پارتی لیکودی ئیسرائیلی بە سەرۆکایەتیی نەتەنیاهوو بووە براوەی هەڵبژاردنەکان و 24%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا؛ ئەمەش رێگەی خۆشکرد بۆئەوەی نەتانیاهوو جارێکی دیکە لەلایەن سەرۆکی وڵاتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردرێت. نەتەنیاهوو لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە کۆی 120 کورسیی پەرلەمانی، کە بە کنێست ناسراوە، 64 کورسییان هەیە.
 
ئەنجامەکان بوونە هۆی کۆتاییهێنان بە چەقبەستنی سیاسی، کە خۆی لە ئەنجامدانی پێنج هەڵبژاردن لە ماوەی کەمتر لە چوار ساڵدا بینییەوە.
 
لە مێژووی ئیسرائیلدا، نەتەنیاهوو زیاتر لە هەرکەسێک پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرتووە. لە ساڵی 1996 تاوەکو 1999 و دواتریش لە 2009 تاوەکو 2021 سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حەیدەر خەفاجی.

فەرماندەیەکی باڵای حیزبوڵڵای عێراقی لە سووریا کوژرا

ئۆتۆمبێلەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشق لە سووریا کراوەتە ئامانج، دەگوترێت فەرماندەیەکی باڵای حیزبوڵڵای عێراق بە ناوی ئەبو حەیدەر خەفاجی تێدا بووە.