رووداو دیجیتاڵ
لەدوای رێوڕەسمەکانی حەجی ئەم ساڵەوە رێگە بە عومرە نەدراوە. بەڕێوەبەری حەج و عومرەی راپەڕین دەڵێت، لە ئەمڕۆوە رێگە بە کۆمپانیاکان دەدرێت گەشتی عومرە رێکبخەن.
ئەمڕۆ دووشەممە شێخ تەها عومەر، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە گوێرەی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان، لە ئەمڕۆوە رێگە بە کۆمپانیا فەرمییەکانی حەج و عومرە دەدرێت گەشتەکانیان دەستپێبکەنەوە".
ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو دەستپێکردنەوەی عومرە دواکەوت. شێخ تەها هۆکارەکەی گێڕایەوە بۆ رێکخستنەوەی کاری کۆمپانیاکان و لێپرسینەوە لەو کۆمپانیایانەی کە بە ڤیزەی گەشتیاری خەڵکیان بردبوو بۆ حەج.
هەر ئەمڕۆ حاجی هەڵگورد محەممەد، خاوەنی کۆمپانیای حەج و عومرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چاوەڕێی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەن بۆ دەستپێکردنەوەی عومرە.
بە گوتەی حاجی هەڵگورد، ئێستا عومرە بە تەواوی خزمەتگوزارییەکانەوە بە رێگەی ئاسمانی 800 دۆلار و لە رێگەی وشکانیش نزیکەی 500 دۆلارە.
18ـی ئەم مانگە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە پێناو زیاتر خزمەتکردنی عومرەکاران" بۆ ئهمساڵ رێكاری نوێیان گرتووەتهبهر و مهرج و رێنمایی نوێیان بۆ كۆمپانیاكان داناوە، كه گرنگترینیان ئەوەیە نابێت ئهو كۆمپانیایهی گهشتی عومره دهكات پێشتر له گواستنهوهی حاجیان به ڤیزهی جۆراوجۆر تێوهگلاوەبێت.
بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە، بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، ئەم ساڵ دوو گرێبەستی جیا بۆ کۆمپانیاکان دەکەن و ئەو کۆمپانیانەی کە بەرنامەی عومرە دەفرۆشن جیا دەکەنەوە لەو کۆمپانیانەی کە عومرەکاران دەگوازنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ