رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هەریەک لە فەرماندەی هێزە دەریاییەکان و فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەهۆی شکستیان لە رێگری لە هێرشەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەست لەکار دەکێشنەوە. ئەمەش جگە لە ژمارەیەک فەرماندەی دیکەی بەشەکانی سوپا.
بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکیان لە سوپای وڵاتەکەیان، میدیای ئیسرائیلی بڵاویانکردەوە، تۆمەر بار، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل یەکێکی دیکە دەبێت لەو فەرماندە سەربازییانەی بەهۆی شکستیان لە رێگری لە هێرشی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی حەماس دەست لەکار دەکێشێتەوە.
رۆژی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 حەماس هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئیسرائیل. هێرشەکە بە بەشداریی هێزی زەوینیی گرووپەکە، ژمارەیەک چەکدار بە پەڕەشووت و بەکارهێنانی چەند بەلەمێک لە دەریاوە کرا.
دوێنێ، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێرزی هەلێڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل دەستی لەکارکێشاوەتەوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرزی لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی "داننان بە شکستی سەربازی لە 7ـی ئۆکتۆبەر" دەستی لەکارکێشاوەتەوە، بەڵام تاوەکو ٦ی نیسانی ئەمساڵ لە کارەکەی بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل، پێش هێرشی 7ی ئۆکتۆبەر هەموو ئامادەکارییەکیان کردبوو بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک و بەهۆی ئامادەیی پێشوەختەوە قەبارەی زیانەکانیان بۆ نیوە کەمکردبووەوە، بەڵام "نە حکومەت و نە سوپا ئامادەکارییان بۆ ئەم سیناریۆیە نەبوو کە حەماس لە چەند قۆڵێکەوە لە هەمان کاتدا دزە بکات. شکستەکە سیستماتیک بوو."
لەو راپۆرتەی میدیای ئیسرائیلدا ئەوەش هاتووە، دەیڤد سعار، فەرماندەی هێزی دەریایی ئیسرائیل یەکێکی دیکە دەبێت لەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە دەست لەکار دەکێشێتەوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی سوپای ئیسرائیل کە قسەیان بۆ میدیای وڵاتەکە کردووە، وەڵامدانەوەی هێزی دەریایی بۆ هێرشەکە وەکو پێویست نەبووە و بەلەمەکانی حەماس توانیبوویان هێڵی بەرگریی دەریایی ئیسرائیل ببەزێنن، دوو لە بەلەمەکان گەیشتبوونە یەکێک لە کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکە.
ئەو سەرچاوانە دەشڵێن، دوو کاژێر بەر لە هێرشەکەی حەماس یەکەیەک لە هێزە دەریاییەکانی ئیسرائیل زانیاریی پێدرابوو لە گۆڕانکاری لە جووڵەی چەکدارانی حەماس، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو.
لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلدا زیاتر لە 1100 کەس کوژران و 240 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران. دواتر، ئیسرائیل دەستی بە هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە کرد.
رۆژی 15ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵیش، هەردوو بەرەی حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی قەتەر، ئەمریکا و میسر ئاگربەستیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ