رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەلجیکا بڕی دوو ملیۆن یۆرۆ بۆ عێراق و سووریا تەرخان دەکات بۆ ئەوەی لە پاککردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکاندا خەرجی بکەن.
رۆژی شەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2022، وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بۆ ساڵی چوارەم لەسەریەک، بەلجیکا دوو ملیۆن یۆرۆ دەداتە ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی مینی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چالاکییەکانی لە عێراق و سووریا".
بەم هاوکارییە، وەکو وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە باسی لێوەدەکات، دەرفەتی ئەوە بەو هاووڵاتییانە دەدەن کە پێشتر بەهۆی شەڕەوە شوێنی خۆیان جێهێشتووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا دەڵێت، زۆربەی قوربانییانی مینی چێندراو لە عێراق و سووریا، هاووڵاتییانی سڤیلن؛ باس لەوەش دەکات کە تەنیا لە سووریا، لە ساڵی 2021 رۆژانە چوار رووداوی تەقینەوەی مین تۆمارکراون.
هەرچی عێراقە، بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی بەلجیکا، لە ساڵی 2021 دا ئاژانسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان سەروو پێنج ملیۆن مەتر چوارگۆشەی زەوی لە مین پاککردووەتەوە و نۆ هەزار مینیان پووچەڵکردووەتەوە. دەشڵێت بەم هاوکارییە، ئامانجیانە بەردەوامیی بەو کارەی تیمەکانی هەڵگرتنەوەی مین بدەن.
بەگوێرەی روانگەی عێراقی سەوز، 25 ملیۆن مین لە عێراقدا هەن.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای هەولێر، لە هەرێمی کوردستان 774 ملیۆن مەتر دووجا رووبەڕی زەویی بە مین و پاشماوە جەنگییەکان هەیە و مەزەندە دەکرێت لەو رووبەرە 5 ملیۆن مین و پاشماوەی جەنگی هەبێت.
بەگوێرەی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، لە شەش مانگی ئەمساڵدا سێ کەس بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و25 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ