سوپای ئیسرائیل دەڵێت توونێلێکمان لەژێر نەخۆشخانەی شیفا دۆزییەوە؛ حەماس: پڕوپاگەندەیە

17-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
دیمەنی چەند توونێلێک، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل لەژێر نەخۆشخانەی شیفا دۆزراوەتەوە
دیمەنی چەند توونێلێک، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل لەژێر نەخۆشخانەی شیفا دۆزراوەتەوە
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل چەند دیمەنێکیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن ئەوانە توونێلی حەماسە لەژێر نەخۆشخانەی شیفا لە کەرتی غەززە و لەنێو توونێلەکەش تەرمی بارمتەیەکمان دۆزیوەتەوە، حەماسیش رەتیدەکاتەوە و گوتەکانی سوپای ئیسرائیل بە "پروپاگەندە" نێودەبات.
 
توونێلەکە بەگوتەی سوپای ئیسرائیل نێوەندێکی ئۆپەراسیۆنی چەکدارانی حەماس بووە و چەک و تەقەمەنیشیان تێیدا شاردووەتەوە. دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی بەرگریی ئیسرائیل لەوبارەیەوە رایگەیاند، "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل توونێلێکیان لەژێر نەخۆشخانەکە دۆزیوەتەوە، هەروەها ئێمە توانیمان چەک و تەمەنیش لەنێو توونێلەکەدا بدۆزینەوە کە بۆ کۆمەڵکوژییەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر بەکارهاتبوو."
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات کە جگە لە چەک و تەقەمەنی، تەرمی یەکێک لە بارمتەکانیشیان لە نێو توونێلەکەدا دۆزیوەتەوە و گومان دەکەن حەماس بارمتەکانی لەو توونێلانە شاردبێتەوە.
 
بەڵام بەرپرسانی حەماس گوتەکانی سوپای ئیسرائیل رەتدەکەنەوە و بە "پڕوپاگەندە" نێوی دەبەن. ئوسامە حەمدان، بەرپرسێکی حەماسە دەڵێت، "هیچ نێوەندێک و ژووری ئۆپەراسیۆنی حەماس لەنێو نەخۆشخانەی شیفادا نییە؛ وەک هەمیشە ئێمە بەردەوام لە نەخۆشخانەکان دووردەکەوینەوە؛ هەموو ئەوەی ئیسرائیل دەربارەی نەخۆشخانە دەیڵێت درۆیە."
 
سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لەسەر تەواوی نەخۆشخانەکانی باکووری غەززە چڕکردووەتەوە، دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆرە حەماس بەوە تۆمەتبار دەکات کە دامەزراوە پزیشکییەکان بۆ مەرامی سەربازی بەکاردەهێنێت. لە هەمانکاتدا دەیانکاتە قەڵخانی مرۆیی بۆ خۆپاراستن لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە