رووداو دیجیتاڵ
ئەو هاونیشتمانیانەی لە کاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەجدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتنە 10 کەس. بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نۆ حاجییان بە ڤیزەی یەک ساڵیی لە سعودیە بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17-06-2024، رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کاتی دەستپێکردنی ئەرکە سەرەکییەکانی حەجکردن کە لە شەممەی رابردووەوە دەستیپێکردووە، 10 هاونیشتمانیی کە بۆ حەج لە سعودیە بوون گیانیان لەدەستداوە.
رۆژگار جەعفەر گوتی، هەر 10 حاجییەکە خەڵکی هەرێمی کوردستانن. گوتیشی: "لەو ژمارەیە یەک حاجییان لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەوە بە فەرمی هاتووەتە سعودیە و ئەوانی دیکە بە ڤیزەی یەک ساڵیی لە حەج بوون."
ئەو هاونیشتمانییەی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا ناوی عەبدولحەمید رەحیم عەبدولکەریمە و لەدایکبووی 08-09-1957ـە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ناسنامەی حەوت لەو حاجییانەی کە گیانیان لەدەستداوە بەمشێوەیەیە:
- عەبدولحەمید رەحیم عەبدولکەریم
- زینەت رەشید قادر
- رازیە عەلی
- ئاسیا عەلی
- حەمە حەسەن عەبدوڵڵا
- هەمین قادر
- ئەحمەد باڵەکی
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ حەجکردن چوونەتە سعودیە؛ لەو ژمارەیە 1460 کەسیان بە رێگەی وشکانی رۆشتوون.
رۆژگار جەعفەر گوتیشی لە 20ـی ئەم مانگەوە دەست بە گەڕاندنەوەی ئەو حاجییانە دەکرێت کە لە رێگەی وشکانییەوە رۆیشتوون.
لە حەجی ساڵی 2023ـدا چوار هەزار و 685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ