رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، هیچ شوێنێکی غەززە نییە سوپای ئیسرائیل دەستی پێی نەگات. دەشڵێت، لە دوای هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هیچ شوێنێکی سەلامەت لە غەززە بۆ حەماس نامێنێتەوە.
رۆژی 15ـی تشرینی دووەمی 2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل چەند کاژێرێک دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل گەیشتنە نێو نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "ئەوان بە ئێمەیانگوت کە ناتوانین بگەینە دەوروبەری غەززە و گەیشتین؛ بە ئێمەیانگوت کە ناتوانین بگەینە نەخۆشخانەی شیفا و گەیشتین؛ هیچ شوێنێکی غەززە نییە کە ئێمە دەستمان پێی نەگات."
ئۆپەراسیۆنی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە، کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لانیکەم دوو هەزار و 300 نەخۆش، کارمەندی تەندروستی و خەڵکی ئاوارە لەنێو نەخۆشخانەکەدا هەن.
ئیسرائیل حەماس بەوە تۆمەتبار دەکات، لەژێر نەخۆشخانەی غەززە تونێلیان لێداوە و نێوەند و ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی حەماس لەژێر نەخۆشخانەکەدا کارەکانیان دەکەن.
درەنگی شەوی سێشەممە، 14-11-2023، بزووتنەوەی حەماس راگەیێندراوێکی دەربارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی غەززە بڵاوکردەوە و گوتی، "ئێمە داگیرکەرەکان [ئیسرائیل] و بایدن بە بەرپرسی تەواوی هێرشەکەی سەر کۆمەڵگەی پزیشکیی شیفا دەزانین."
راگەیێندراوەکەی حەماس ئاماژەی بەوەدا کە ئەوە کۆشکی سپییە گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل داگیرساندووە "بە بیانووی ئەوەی چەکدار و چەک لەنێو نەخۆشخانەکە هەن"، هێرش بکەن و "کۆمەڵکوژیی زیاتر" بکەن."
رۆژی سێشەممە کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا "زانیارییەکەی ئیسرائیلیان پشتڕاستکردبووەوە کە حەماس نێوەندێکی ئۆپەراسیۆنی لە ژێر نەخۆشخانەکەدا هەیە." بایدن هەروەها داوای پاراستنی نەخۆشخانەکەی کردبوو.
نەخۆشخانەی شیفا دەکەوێتە بەشی باکووری کەرتی غەززە، وەکو سوپای ئیسرائیل ئاشکراشیکردووە، لە قۆناخی یەکەمدا بەنیازە بەشی باکووری کەرتەکە کۆنترۆڵ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ