فوئاد حوسێن بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنی ئەمنی سەردانى تاران دەکات

12-09-2023
هەستیار قادر
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا
نیشانەکردن فوئاد حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرى درەوەى عێراق رایگەیاند، عێراق پەیوەستە بە رێککەوتنى ئەمنیی لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران و دەشڵێت بۆ تاوتوێکردنى ئەو رێککەوتنە، سبەى سەردانى کۆمارى ئیسلامیی ئێران دەکات. 
 
د. فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە، 12-09-2023) رایگەیاند، عێراق پەیوەستە بەو رێککەوتنەى لەگەڵ کۆمارى ئیسلامیی ئێران کردوویەتی، کە یەکێک لە خاڵەکانى دوورخستنەوەى گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە لەسەر سنوور و گواستنەوەیانە بۆ کەمپەکان لە چەقى هەرێمى کوردستان، گوتیشى "سبەى سەردانى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکەم بۆ تاوتوێکردنى ئەو رێککەوتنەى نێوانمان."
 
ئەو گوتانەى وەزیرى دەرەوەى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیی هاوبەشیدا بوو لەگەڵ ئەلیکساندەر شانلبێرگ، وەزیرى دەرەوەى نەمسا لە بەغدا.
 
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی "دەستوورى عێراق رێگە نادات بە بەکارهێنانى خاکى عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانى دراوسێ.. هەندێک لەو گرووپە چەکدارانە کە لە هەرێمى کوردستانن، بوونیان بۆ نزیکەى 40 بۆ  50 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە."
 
رۆژی 19ـی ئادارى 2023 عەلى شەمخانی، ئەمیندارى ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیی ئێران و قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنى ئەمنى نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆکرد، یەکێک لە خاڵەکانى، پاراستنى ناوچە سنوورییەکانى نێوانیان هەردوو وڵات و دوورخستنەوەى هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانە لەسەر سنوورى نێوانیان.
 
ئێران بڕیاری داوە، ئەگەر ئەو رێککەوتنە ئەمنییە جێبەجێ نەکرێت و هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەک نەکرێن، لە 19ـی ئەم مانگەدا هێرشی زەوینی و ئاسمانی دەکاتە سەر ئەو هێزانە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە