رووداو دیجیتاڵ
قەیس سعەید، سەرۆکی تونس دەڵێت، بەنیازە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سووریادا ئاسایی بکاتەوە، ئەمەش دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە پچڕاندنیان بەهۆی سەرکوتکردنی نەیارانی سیاسیی بەشار ئەسەد لەلایەن دیمەشقەوە.
بەگوێرەی ڤیدیۆیەک کە شەوی رابردوو نووسینگەی سەرۆکایەتیی تونس بڵاویکردەوە، سعەید لە میانی دانیشتنی لەگەڵ نەبیل عەمار، وەزیری دەرەوەی تونس گوتی: "هیچ شتێک ناتوانێت پاساو بۆ نەبوونی باڵیۆزی تونس لە دیمەشق و باڵیۆزی سووریا لە شاری تونس بهێنێتەوە".
لە درێژەی قسەکانیدا، سعەید ئاماژەی بەوەکرد، "پرسی رژێم لە سووریا تەنیا پەیوەندی بە سووریاییەکانەوە هەیە". سعەید لە مانگی شوباتدا باسی لە نیازی خۆی بۆ "بەهێزکردنی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی" تونس لە سووریا کردبوو.
تونس لە ساڵی 2012 باڵیۆزی سووریای دەرکرد بەهۆی سەرکوتکردنی نەیارانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە.
لە ساڵی 2015دا، تونس هەنگاوێکی بەرەو دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نا، کاتێک دیپلۆماتێکی بۆ سووریا دەستنیشانکرد بۆ ئەوەی "بەدواداچوون" بۆ دۆخی تونسییەکان لەو وڵاتە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ