رووداو دیجیتاڵ
مانگێک بەسەر شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا تێپەڕیوە، تاوەکو ئێستا ئەمریکا ئامادەنییە پشتیوانی لە ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بکات، بەڵام پشتیوانی لە وەستاندنی شەڕەکە بەشێوەیەکی کاتی بۆ پرسی مرۆیی دەکات.
رووداو، چووە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و پرسیاری کرد 'ئێوە لەگەڵ ئاگربەست نین، بەڵام مەبەستان لە وەستانی شەڕەکە بۆ پرسی مرۆیی چییە؟'
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ریگەیاند، ''ئامانجی سەرەکی ئێمە سێ شتە؛ هەلومەرجێک دروستبکرێت، هاوکاری مرۆیی دیکە رەوانەی غەززە بکرێت. هەلومەرجێک دروستبکرێت دەرفەتی ئازادکردنی بارمتەی دیکە لەلایەن حەماسەوە زیاتر بکات، هەروەها دەمانەوێت ئەمە نەبێتە هۆکاری ئەوەی حەماس ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە تاوەکو خۆی رێکبخاتەوە و بەهێزتر ببێت و، هێرشی دیکە بکاتە سەر خەڵکی ئیسرائیل و هێرشی تیرۆرستیی دیکە بکات."
ئەو پرسە لە کۆنگرێسی ئەمریکاش پرسێکی گەرمە، کەم ئەندامی کۆنگرێس هەیە پێیەوە پەیوەست نەبێت، بەشێک لە دیموکراتەکان داوای سنووردارکردنی شەڕەکە و پاراستنی زیاتری کەسانی سیڤیل دەکەن.
کۆمارییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا بەتووندی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن و بۆچوونیان وایە؛ وەستانی شەڕەکە کۆتایی بەو مەترسییە ئەمنیانە ناهێنێت، تەنیا دەرفەتێک بە حەماس دەدرێت خۆی پڕچەک بکاتەوە.
گریگۆری مۆرفی، ئەندامی کۆماری لە کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت ''حەماس سوود لە ئاگربەست دەبینێت بۆ خۆڕێکخستنەوە هەروەها پڕکردنەوەی جبەخانەکانی، ئەمە شتێکی تراژیدییە کە حەماس خەڵکی فەلەستین وەک قەڵخانێکی مرۆیی بەکاردەهێنێت، بەڵام دەبێت ئەو گرووپە تیرۆرستییە لەنێوببردرێت، بۆیە وەستان و ئاگربەست، دەرفەتیان پێدەدات خۆیان دروستبکەنەوە.''
ئیدارەی بایدن دەیەوێت بە وەستاندنی شەڕەکە بۆ ماوەیەکی کاتی هەرچەندە تاوەکو ئێستا روون نییە بۆ چەند رۆژ یان کاژێر دەبێت، بەڵام بەلایەنی کەمەوە دڵی دۆستەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رابگرێت و گوشارە نێودەوڵەتییەکانیش کەمتربکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ