رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ئاستێکی باشدایە و کێشەکان بەرەو چارەسەربوون دەچن، گوتیشی، "عێراق وەکو بڕیارە بەشداریی شەڕی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە ناکات."
رۆژی چوارشەممە، 08-11-2023، د. فەرهاد عەلائەدین، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروباری دەرەوە، لە پەراوێزی کۆنگرەی دەستپێشخەریی عێراق لە چەتم هاوس، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ لەندەن راگەیاند، ''پەیوەندییەکان و هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئاستێکی باشدایە و کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر دەکرێن یان بەرەو چارەسەربوون دەچن.''
زیاتر لە یەک مانگە ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە شەڕێکی خوێناوییان دەستپێکردووە کە ئەگەری پەرەسەندنی شەڕەکە بۆ وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، د. فەرهاد عەلائەدین ئاماژەی بەوە کرد، ''عێراق بە هەموو شێوەیەک پشتگیری و هاوکاریی غەززەی فەلەستینی دەکات و ئێستاش هەوڵی دیپلۆماسی، سیاسی و مرۆیی دەدات، تەنانەت سێ جار لە رێگەی میسرەوە هاوکاری [مرۆیی]یان بۆ برا فەلەستینییەکان ناردووە.''
بۆردوومانکردن و گەمارۆی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند. راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، ''بەغدا سەرەڕای هاوکاری و پشتگیریی غەززە، بەڵام وەکو بڕیارە بەشداریی ئەو شەڕە ناکات، ئەوەی عێراق دەیەوێت بیکات، کۆکردنەوەی هاوکاریی ناوچەیی، دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەی ئاگربەست رابگەیێنرێت.''
شەوی یەکشەممە 05-11-2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. رووداو زانیویەتی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرۆکوەزیرانی عێراقی گوتووە کە بۆ لەمەودوا بەرامبەر هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بێدەنگ نابن و وەڵامیان دەبێت، هەر دوای سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن، محەممەد شیاع سوودانی بە سەردانێک گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.
وەک د. فەرهاد عەلائەدین دەڵێت، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوە بوو کە شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیل بەرەو وڵاتانی دیکە پەرەنەستێنێت.
سوودانی دوای ئەوەی شەوی 05-11-2023 لەگەڵ وەزیری دەرەوە کۆبووەوە، رۆژی دواتر سەردانی ئێرانی کرد، فەرهاد عەلائەددین رەتیکردەوە سەردانەکان پەیوەندییان بە یەکدییەوە هەبێت. گوتی، ''سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئێران زۆر پێشتر لە گەشتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێکخرابوو و پەیوەندییان بە یەکدییەوە نەبووە، بەڵکو سەربەخۆ ئامادەکارییان بۆ کرابوو.''
دوای 7ـی مانگی رابردوو و راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی ''تۆفانی ئەقسا''ـی بزووتنەوەی حەماس، لەلایەن گروپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە ئێرانیشەوە چەندین جار لە سووریا و عێراق هێرشکراوەتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمان.
ئەمریکا لەبارەی پاراستنی باڵیۆزخانە و دیپلۆماتەکانیان لە بەغدا هۆشداریی داوەتە دەسەڵاتداران و سەرۆکوەزیرانی عێراق کە بۆ هەر هەنگاوێک کاردانەوانەیان دەبێت.
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، عێراق وەک هاوبەشی ستراتیژی سەیری ئەمریکا و ئێران دەکات و نابێتە گۆڕەپانێک بۆ کێشەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، گوتیشی، ''لە هەموو دیدارەکاندا ئەم پەیامە بە روونی و ئاشکرا بە هەردوو لا راگەیێندراوە.''
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە 10 هەزار و 300 فەلەستینی کوژراون، هەروەها بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل لە رۆژی یەکەمی شەڕەکەوە، زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون و نزیکەی 240 هاووڵاتیی دیکەش لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ