حەج و عومرە: تەندروستیی هاونیشتمانیان لە سعودیە باشە و تیمی پزیشکییان لەگەڵدایە

08-06-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تەندروستیی هاونیشتمانییان لە سعودیە باشە و ئێوارەی هەینی دەچنە کێوی عەرەفە.
 
شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 08-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی هیچ حاجییەکمان نەبووە و دۆخی تەندروستیی تەواوی حاجییان باشە."
 
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ بەجێهێنانی حەج چوونەتە سعودیە. شێخ نیاز نەقشبەندی کە خۆی لە مەدینەیە و سەرپەرشتیی کارەکان دەکات، دەڵێت، "حاجییان دابەشی سەر سێ گرووپ کراون، تیمی تەندروستی چاودێرییان دەکات و هەر کەسێک نەخۆش بێت چارەسەری پێویستی بۆ دەکەن، ئەگەر پێویستی بە زیاتریش بێت، دەنێردرێتە نەخۆشخانەکانی سعودیە."
 
سعودیە رایگەیاندووە، 16ی حوزەیران یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە، ئەوەش دوای ئەوەی پشتڕاستی کردەوە ئێوارەی 6ی حوزەیران مانگ بینراوە و 7ی مانگ دەبێتە یەکەم رۆژی مانگی زولحیجە.
 
حاجییان لە هەشتەم رۆژی زولحیجە کە دەکاتە 14ی حوزەیران، بە حەوت جار سوڕانەوە بە دەوری کەعبەی پیرۆزدا دەست بە بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەکەن و لە دەیەم رۆژی زولحیجەدا کە دەکاتە 16ی حوزەیران، قوربانی دەکەن و موسڵمانانیش دەیکەنە جەژن.
 
لەبارەی رێوڕەسمەکانەوە بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە گوتی، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە و بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی بەجێهێنانی حەج. گوتیشی، ئێوارەی هەینی هاونیشتمانییان دەبەنە کێوی عەرەفە و شەو لەوێ دەمێننەوە و رۆژی شەممە کە دەبێتە رۆژی عەرەفە رێوڕەسمەکانی ئەوێش جێبەجێ دەکەن.
 
شێخ نیاز نەقشبەندی ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی پاکێجی سەردانیکارانی حەج، جگە لە تیکتی چوون و هاتنەوە، سێ ژەم خواردن، پاسی هاتووچۆ و هۆتێلی "باش"یان بۆ هاونیشتمانیان لە سعودیە دابینکردووە.
 
26ی مانگی پێنج، یەکەم کاروان لە زیارەتکارانی حەجی ئەم ساڵ لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانییەوە گەیشتە سعودیە و 30ـی هەمان مانگ دوایین کاروان گەیشتنە ئەو وڵاتە. هەروەها 31ـی هەمان مانگە ئەو هاونیشتمانیانەی بە رێگەی وشکانیی گەشتیان کردبوو کە هەزار و 460 کەس بوون گەیشتنە سعودیە.
 
بەگوێرەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، حەجکردن ئەم ساڵ بە دینارە؛ بە رێگەی ئاسمانی شەش ملیۆن و 350 هەزار دینار و بە رێگەی وشکانیش پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینارە.
 
لە حەجی ساڵی 2023ـدا چوار هەزار و 685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون و تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی چوار هەزار و 500 دۆلار بە وشکانیش سێ هەزار و 800 دۆلار بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە