رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی سەڵتەنەتی عومان سەردانی شاری سەنعای پایتەختی یەمەنیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حوسییەکانی یەمەن کۆبوونەوە.
شاندەکەی عومان لەو کۆبوونەوەیەدا داوای لە دەسەڵاتدارێتی حوسییەکان کردووە، هێرشەکانیان لە مەئرەب و شوێنەکانی دیکەی یەمەن بووەستێنن و بوار بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی یەمەن بکەنەوە.
ئەو شاندەی عومان رۆژی دووشەممە 07-06-2021 بە فڕۆکەیەکی سەربازی چوونەتە سەنعا و لەگەڵ مەهدی مەشات، بەرپرسی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی حوسییەکان کۆبوونەتەوە، ئامانجی سەردانەکەش رازیکردنی حوسییەکانە بۆ ئەوەی بچنە سەر مێزی گفتوگۆ و لەگەڵ لایەنی حکومەتی یەمەنی لە باشوور دەست بە گفتوگۆ بکەن.
ئەم سەردانەی شاندی عومانی دوای ئەوە دێت، کە رۆژی هەینی رابردوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە وەزیری دەرەوەی عومان کردبوو هەوڵی نێوەندگیریی لە نێوان لایەنەکانی یەمەندا بدات، بۆ ئەوەی دەست بە پرۆسەی ئاشتی یەمەن بکەنەوە کە یەکێکە لەو پرسانەی ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا گرنگی پێدەدات . هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونیشەوە بایدن باسی لەوە کردبوو، چارەسەرکردنی دۆخی یەمەن یەکێک دەبێت لە پرسە تایبەتەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا.
حوسییەکانی یەمەن تاوەکو ئێستا کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعایان کردووەتە مەرجێکی سەرەکی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستاندنی ئاشتی.
سەڵتەنەتی عومان کە دراوسێی یەمەنە هاوپەیمانیێکی نزیکی ئەمریکایە و لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێران هەیە، کە بە پشتیوانی سەرەکی حوسییەکانی یەمەن دادەنرێت.
لەماوەی رابردووشدا سەڵتەنەتی عومان نێوەندگیریی لە چەند ململانێیەکی ناوچەکەدا کردووە و هەروەها رۆڵیشی هەبووە لە دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کە لە ساڵی 2015 واژۆ کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ