ژمارەی کوژراوانی غەززە 10 هەزار کەسی تێپەڕاند

06-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە زیاتر 10 هەزار کەس.
 
رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023، ئەشرەف قودرە، گوتەبێژی تەندروستیی غەززە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە غەززە گوتی، "ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 10 هەزار و 22 کەس کە چوار هەزار و 100یان منداڵ و دوو هەزار و 640ـیشیان ئافرەتن".
 
بەگوێری تەندروستیی غەززە ژمارەی ئەوانەی، بەهۆی بۆردومانەکانەوە برینداربوون گەیشتووەتە سەرووی 20 هەزار کەس. 
 
تەندروستی غەززە دەشڵێت، "تەنیا بەهۆی چڕبوونەوەی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 292 کەس گیانیان لەدەستداوە."
 
لە ئیسرائیلیش زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون، لەنێویاندا 340 سەربازی سوپای ئیسرائیل هەن، هەروەها پێنج هەزار و 500 کەس بریندار بوون. 
 
نزیکەی مانگێکە شەڕی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. شەڕەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام، دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەش چوونە نێو شەڕەکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە