رووداو دیجیتاڵ
پڕۆگرامی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە جیهاندا دەدات. فاو یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکی بۆ کەمیی بەرهەمی چین و هیندستان گەڕاندووەتەوە.
ماکسیما تۆرێرۆ، راوێژکاری ئابووریی فاو دەڵێت، "دوای 12 مانگ لە داکشانی یەک لەدوای یەکی نرخی خۆراک، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا نرخ 0.6 بەرزبووەوە، بەڵام هێشتا بەراورد بە نیسانی ساڵی رابردوو بە رێژەی 19.7% هەرزانترە. نرخی برنج، گۆشت و شەکر بەرزبووەتەوە."
هۆکاری بەرزبوونی نرخ بە گوتەی فاو، کەمیی بەرهەمی چین و هیندستان، خاوبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵیی ئەوروپا بەهۆی وشکەساڵییەوە، کەمی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی بەرازیل، ناجێگیریی رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە و پەینی کیمیایی رووسیا و ئۆکراینا و گرانبوونی هەموو جۆرەکانی سووتەمەنی لە جیهانە.
بەرنامەی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان زەنگی مەترسی لێ دەدات و دەڵێت، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، شەڕی ئۆکراینا و پەتای کۆرۆناوە ژمارەی برسییانی جیهان زیاتر بوون.
عاریف حوسێن، راوێژکاری ئابووری لە فاو ئاماژە بەوە دەکات، "با بۆ ساڵی 2019 پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا بتانگەڕێنمەوە؛ ئەو ساڵە 135 ملیۆن کەسی برسی لە 53 وڵاتی جیهاندا هەبوون، بەڵام ئێستا زیاتر لە 250 ملیۆن کەس لە 58 وڵاتی جیهان رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە."
ساڵانە ملیۆنان کەس بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ئاوارە دەبن. بەرزبوونی پلەی گەرما سەهۆڵی بەستەڵەکەکانی تواندووەتەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە کاتێكدا لە سەتەی رابردوودا 20 ساڵی دەخایاند تاوەکو ئاستی دەریاکان بە 2.3 ملیمەتر بەرز ببێتەوە، ئێستا ساڵانە 4.6 ملیمەتر زیاد دەبێت. ئاوارەکانی ئەو دیاردەیەش ملیۆنان کەسن کە لە قەیرانی خۆراکدا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ