رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ زیاتر لە 70 کۆمپانیای گەشتیاری و فڕۆکەوانیی نێوخۆیی لە دووبەی بەشدار دەبن لە پێشانگەی بازاڕی گەشتیاری عەرەبی.
بازاڕی گەشتیاریی عەرەبی (ATM)، بڕیارە لە رۆژانی 6 بۆ 9ـی ئەم مانگە لە شاری دووبەی لە ئیمارات بەڕێوەبچێت و تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا و دامەزراوەی گەشتیاریی وڵاتان بەشدار دەبن.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشانگەی لەو شێوەیە دەرفەتی زێڕینە بۆ ئێمە کە لە نزیکەوە بتوانین رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بکەین بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی گرووپی گەشتیاری".
ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، شاندی هەرێمی کوردستان لە پێشانگەکەدا ناساندن و بە بازاڕکردن بۆ شوێنە گەشتیاری و شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەو رێگەیەوە، رۆڵی هەرێمی کوردستان لە بنیاتنانی شارستانییەتدا بۆ کۆمپانیا بەشدارەکان بخاتەڕوو.
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند، یەکەمجارە زیاتر لە 70 کۆمپانیای گەشتیاری و فڕۆکەوانیی هەرێمی کوردستان هاوشانی شاندی گەشتوگوزار لە ستاندی تایبەت بە هەرێمی کوردستانیان لەو پێشانگەیەدا دەبێت.
ناوی ستاندی کوردستان لە پێشانگەکە، (Kurdistan Tourism) ـە، ناونیشان لەناو پێشانگە (بەشی Middle East)ـە و ژمارەی ستاند (ME1335)ـە.
بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ساڵی رابردوو نزیکەی هەشت ملیۆن گەشتیار کە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، نزیکەی دوو ملیۆنیان لە دەرەوەی عێراقەوە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ